داگیرکردنی زەوی لەلایەن بەرپرسانی یەکێتی لە ناو شاری سلێمانی بەردەوامە

بەرپرسێکی باڵای یەکێتی زیاتر لە 110 دۆنم زەوی لە خەڵکی هەرسێ گوندی (تەپەڕەش، کانی چنە، شێخ رەش) داگیرکردووە لە كاردانەوەیان بەرامبەر بەم كارە، ژمارەیەك كەس لە سلێمانی كە خۆیان بە خاوەنی زەوییەكان دەناسێنن، ئەمڕۆ سێشەممە 12ی 12ی 2023، گردبوونەوەیەكی ناڕەزاییان ئەنجام دا و تێیدا ئاشكرایان كرد كە لە لایەن بەرپرسەكە و پیاوەكانیەوە هەڕەشەی كوشتنیان لێ دەكرێت.
لە خۆپیشاندانەکەدا هاووڵاتیانی هەرسێ گوندەکە بەرپرسێكی باڵای یەكێتی بەوە تۆمەتبار كرد كە 110 دۆنم زەویی تاپۆی لێ داگیر كردوون، کە شوێنەکە ستراتیژییە و دەکەوێتە نزیک شەقامی 100 مەتری شاری سلێمانی.
هەر لەوبارەیەوە شەماڵ ئەحمەد، دانیشتووی گوندی مامڕەش لە سنووری شارۆچکەی تاسڵوجە، رایگەیاند، بەرپرسێکی سلێمانی بە پاڵپشتی بەرپرسێكی سەربازی یەكێتی، زیاتر لە 110 دۆنم زەوی داگیر کردوون، لە کاتێکدا ئەو زەوییەی داگیری کردووە تاپۆی خەڵکی گوندەکانی ئەم سنوورەیە، بەڵام ئێستا زەوییەکانیان داگیر کراوە و تەلبەند كراوە.
گوتیشی: ”ئەو زەوییەی داگیر کراوە، تاپۆکەی بۆ خەڵکی ئەم سنوورە دەگەڕێتەوە، پێشتر شارەوانی سلێمانی زەوییەکانی لێ وەرگرتینەوە، گوایە دەیکات بە موڵکی وەزارەتی پیشەسازی، بەڵام ئێستا ئەو زەوییانە لەلایەن بەرپرسێکەوە داگیر کراوە و بڕیارە شوێنەکەی بکرێت بە یەكەی نیشتەجێبوون و پڕۆژەی بازرگانی و وەبەرھێنان.“
ئاماژەی بەوەش کرد، بەھیچ شێوەیەک لە مافی خۆمان خۆش نابین، داواکارین ھەرچی زووترە ئەو بەرپرسەی یەکێتی زەوییە داگیرکراوەکانمان رادەست بکاتەوە، چونکە تاپۆکەی بە ناوی ئێمەیە و لە کوێی دنیادا ھەبووە بەرپرسێکی حیزبی موڵكی خەڵک و حکومەت داگیر بکات؟ ”بێگومان ئەگەر مافەکانمان وەرنەگرینەوە، خۆپیشاندانی فراوان ئەنجام دەدەین و قەبووڵی ناکەین لە شوێنی زەوییەکانی ئێمەدا، ھیح پڕۆژەیەک دروست بکرێت.“

Back to top button