میدیای لاهور جەنگی: بەریتانیا بافڵ و قوباد تاڵەبانی بۆ لێکۆڵینەوە بانگهێشت کردووە

ئەمڕۆ 13ی ئاداری 2024، میدیای لاهور جەنگی بابەتێکی بڵاوکردووەتەوە و تیایدا نهێنی پشت سەردانە بەپەلەکەی بافڵ تاڵەبانی و قوبادی برای بۆ بەریتانیا ئاشکراکردووە و دەڵێت بەهۆی تێوەگلان لە چەند دۆسیەیەک لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و پێدەچێت سزابدرێن.

میدیای لاهور جەنگی بڵاویکردووەتەوە کە “هەفتەی رابردوو بەریتانیا دوائاگادارکردنەوەی دایە بافڵ تاڵەبانی کەبەزووترین کات سەردانی وڵاتەکەی بکاتەوە بۆ لێکۆڵینەوە، بافل لەبەغدادەوە بەپەلە خۆی گەیاندە لەندەن و تائێستا نەگەڕاوەتەوە”.

هەروەها ئەو میدیایە ئاشکراشی کردووە، دوێنێ قوباد تاڵەبانیش بەهەمان شێوەی بافڵ دوای ئەوەی حکومەتی بەریتانیا ئەویشی ئاگادار کردووەتەوە، لەڕێگەی هێڵی فرۆکەوانی شاهانەی ئوردنەوە خۆی گەیاندووەتەوە لەندەن، ئەمەش لەکاتێکدایە کەدەبوو ئەمڕۆبەشداری کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی بکردایە.

میدیاکەی لاهور جەنگی روونیکردووەتەوە بەریتانیا چەند دۆسیەیەکی لەدژی کوڕەکانی جەلال تاڵەبانی کردووەتەوە کەئەوانیش بریتین لە (سپیکردنەوەی پارە لە دووبەی، پشتیوانیکردن لە تیرۆر، رفاندن و ئەشکەنجەدانی دوو هاووڵاتی بەریتانی لەسلێمانی لە سەروبەندی رووداوەکانی 8ی تەموزدا).

“بافڵ و قوباد هەڵگری رەگەزنامەی بەریتانین و ناویان لەسەر ئیبراهیم ئەحمەد تۆمارکراوە واتە لە بەریتانیا بەکوڕی ئیبراهیم ئەحمەد ناسراون نەک جەلال تاڵەبانی، ئەو سێ مەلەفەی کە لەسەر مێزی لێکۆڵینەوەن زۆر هەستیار و قورسن ئەگەر لە لێکۆڵینەوەی پۆلیسی بەریتانیادا بەڵگە لەبەردەستدابێت ئەوا جگە لەلێسەندنەوەی رەگەزنامە پێدەچێت دادگایی بکرێن و سزاش بدرێن”، میدیاکەی لاهور جەنگی وای نووسیوە.

Back to top button