لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژناگەری‌ و مافی رۆژنامەنووسان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە

لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژناگەری‌ و مافی رۆژنامەنووسان، لە سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان لەسەر ئەو هێرش و توندوتیژییەی دوێنێ لە شاری سلێمانی بەرامبەر رۆژنامەنووسان کرا، بەیاننامەیەکی توندی بڵاوکردەوە.

لە بەیاننامەکه‌ی لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەگەری و مافی رۆژنامەنووسان دا هاتووە، رۆژی 25ی ئاداری 2024 لە کاتی رووماڵی خۆپیشاندانی هاووڵاتیان لە شاری سلێمانی، له‌باره‌ی مووچە، هێزە ئەمنییەکان بە شێوازێکی توند و بە بەکارهێنانی هێز، مامەڵەیان لەگەڵ ژمارەیەک رۆژنامەنووس و تیمەکانی هەندێک لە دەزگاکانی راگەیاندن کرد.

هەروەها لیژنەکە سەرکۆنەی ئەو کردەوەیەی کردووە و دەڵێت، “بێگومان ئەو کارە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای رۆژنامەگەرییە و مەترسییە بۆ سەر ئازادی رادەربڕین و کاری رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان. بۆیە لیژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنامەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی ئەو کارانە و هەموو مامەڵەیەکی نایاسایی بەرامبەر رۆژنامەنووسان‌ و دەزگاکانی راگەیاندن دەکەین و داواکارین هەرچی زووترە راگیراوەکان ئازاد بکرێن‌ و کەلوپەلە دەستبەسەردا گیراوەکان بگەڕێنرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان.

هەروەها لیژنەکە جەخت لەسەر فەراهەمکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ رۆژنامەنووسان و کاری رۆژنامەگەری دەکاتەوە.

Back to top button