مەسرور بارزانی : هەندێك لەوانەی پێمان دەڵێن ئێوە مووچە نادەن، لەوانە بوون كە دەیانگوت با بەغدا مووچە بدات
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لەدیدارەکەی لەگەڵ خەڵکی سلێمانی لەبارەی ئەوەی چارەسەری مووچە لای حکومەت و ئەوە گوتی، چۆن مووچە بەدەست منەوە بێت و بۆ ئێوە خەرج نەکەم، نەخێر وانییە، ئەمە هەندێک جار لایەن و ڕکابەری سیاسی ئەم قسانە دەکەن، بەڵام وانییە و بۆچی ئێمە نەیدەین”.
مەسرور بارزانی دەڵێت، “مووچە لەلایەن بەغدا بڕدراوە و ئەوانەی ئێستا ئێمە تۆمەتبار دکەن و دەڵێن ئێوە بودجە نادەن، هەمان ئەو کەسانە بوون کە داکۆکیان دەکرد مووچە لەدەست حکومەتی هەرێمی کوردستان دەربهێنرێت و بدرێتە دەست بەغدا و لەوێوە مووچە بدرێت، لەگەڵ ئەمەش من هەر لەگەڵ بەغدا لە پەیوەندیدام بۆ ئەوەی مووچە بەردەوام بێت و پشت بە خودا کێشەکەی کۆتایی دێت”.
بە تێڕوانینی سەۆرکوەزیران مەسرور بارزانی لەبارەی دادگاکان گوتی:” ئەگەر دادگە و سیستمی دادوەری سەربەخۆ نەبن کارەساتە، ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەریی لە هەرێمی کوردستان سەربەخۆ بن، حکومەت مافی نییە و ناشبێت، دەستوەردان لە کاروباری سیستمی دادوەریدا بکات.
ڕوو لە هاونیشتمانیان سەرۆکوەزیران بارزانی دەڵێت، ئێوە ناوبژیوانن و دەتوانن ئەو لایەنە سیاسیە سزا بدەن کە دەستوەردان لە کاروباری دادوەریدا دەکات، ئەمەش لە ڕێگەی هەڵبژاردن و هەڵوێستەوە.
“ئێمە بە یەک چاو سەیری هەموو هەرێمی کوردستان دەکەین”
لەبارەی ڕێگەوبانەوە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: ئێمە هەموو هەرێمی کوردستان بە یەک چاو سەیر دەکەین و گرنگیش بە ڕێگەوبان دراوە، بەڵام لە هەندێک پارێزگا لە کاتی قەیرانی دارایی حکومەتدا، کەرتی تایبەت هاوکاری ئەوانی کردووە و لەسەر ئەرکی خۆیان پرۆژەکانی جێبەجێکردووە، هیوادارین لە سلێمانیش وەبەرهێنەر و سەرمایەداران ئەم کارە بکەن”.
“مووچەی بێ کەڕامەت و بێ خاک قیمەتی نییە”
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەڵێت، هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەی کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت، داواش لە هاونیشتمانیان دەکات تەنیا سەیری ئەنجامەکان نەکەن، بەڵکو سەیری هۆکارەکانیش بکەن کە هەموو هەوڵێک درا بۆ بەرژەوەندی تەسکی حیزبی و کەسی زاڵبێت بەسەر بەرژوەندی گشتیی و ئەم دۆخە دروستکرا.
دەشپرسێت، “ئایا هەموو ژیانی ئێمە بۆ ئەوە بوو تەنیا مووچە وەربگرین یان ئایا ئێمە وەک خەڵک و پێناسەی نەتەوەیی و خاکمان کێشەی نەماوە تەنیا مووچە نەبێت؟، مووچەی بێ کەڕامەت و بێ خاک قیمەتی نییە، هیچ شتێکی وەک خاک و نەتەوە و کەڕامەت ناسنامە قیمەتی نامێنێت”.
هەژماری من بۆ نەهێشتنی کێشەی وەرگرتنی مووچەیە
“یەکێک لەو پرۆژانەی کە ئێمە دەستمان پێکردووە بابەتی هەژماری منە بۆ ئەوەی چیتر خانەنشین، خاوەن شەهیدێک نەچێت لە سەرەی مووچە بوەستێت، بەپێچەوانەوە بچن لە هەر شوێنێک بیانەوێت و بە ویستی خۆیان مووچەی خۆیان وەربگرن، بەڵام خەریکن نایێڵن ئەمەش سەربگرێت و دژایەتی ئەمەش دەکرێت، ئەوەی ئێمە دەیکەین بۆ ئێوەیە”.سەرۆکوەزیران بارزانی وادەڵێت.
حکومەت بەتەمای دیجیتاڵکردنی سیستمی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستانە، بۆ ئەوەی خەڵک بتوانن قەرزی درێژخایەن وەربگرن و نەک بە تەنیا لە حکومەت، بەڵکو لە کەرتی تایبەت و بانکیش.
“من ئیعتیراف بە زۆنی سەوز و زەرد ناکەم”
هاونیشتمانییەک پرسیار لەسەر بوونی زۆنی سەوز و زەرد و بازگەکان دەکات و سەرۆکوەزیران بارزانی ڕایگدەگەیێنێت، “من ئیعتیراف بە زۆنی زەرد و سەوز ناکەم و هەمووی کوردستانە و موڵکی خەڵكی کوردستانە، کەس مافی ئەوەشی نییە ڕێگری بکات کەسێک لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە بچێت”.