ئه‌بوبه‌كر كاروانی: دەستپێشخەریی کاک مەسعود بارزانی بۆ رۆژئاوای کوردستان گرنگە

ئه‌بوبه‌كر كاروانی، سیاسه‌توانی دیاری كوردستان دەڵێت، واقیعی سووریا به‌سه‌ر هه‌موو ئه‌گه‌رێكدا كراوه‌یه،‌ هه‌ندێك شت دڵخۆشكه‌رن‌ بۆ ئاینده‌ی سووریا، به‌ڵام هه‌ندێك راستی و ده‌ستوه‌ردانیش وامان لێ ده‌كات، كه‌ بڵێین پرۆسه‌یه‌كی له‌و شێوه‌یه، واتا بیناکردنەوەی سووریایەکی جیاواز،‌ به‌ربه‌ستی زۆری له‌به‌رده‌مدایه،. له‌ هه‌موو حاڵه‌تێكدا، دۆخی سووریا بەراورد بە عێراقی دوای 2003 چانسی زیاتری له‌به‌رده‌مدایه‌. ئه‌وه‌ی گرنگه‌ ده‌بێت به ‌هۆشیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و واقیعه‌دا بكرێت. ئێستا لایه‌نه‌كانی ناو سووریا خه‌ریكن بۆ چۆنیه‌تیی ئیداره‌دانی وڵات گفتوگۆ ده‌كه‌ن، گرنگ ئەوەیە له‌سه‌ر ناناوه‌ندیی دەسەڵات و فرەیی و دیموکراسی و فیدرالیزم و پارێزگاری لە ناسنامەی ئیسلامی و ئازادیی ئایین و ئایینزاکانی دیكە و بەشداریی سەرجەم پێکهاتەکان لە نووسینەوەی دەستوورێکی تەوافووقی و بەشداریکردنێکی راستەقینەی دەسەڵات ڕێک بکەون.

راشیگه‌یاند: ده‌بێ تێڕوانینی جیاوازیش هه‌بێت بۆ پرسی گەلی كورد له‌ سووریا، بەتایبه‌ت له ‌دوای نه‌مانی رژێمی پێشووی سووریا، چونکە ئه‌گه‌ر ئه‌م تێڕوانینه‌ نه‌یەتە‌ ئاراوه‌، وه‌ك ئه‌وه‌ وایە كه‌ رژێمی پێشوو سەبارەت بە کورد نه‌ڕووخابێت. مادام رژێم لە واقیعدا رووخاوه‌، ده‌بێت له‌ عه‌قڵ و بیرکردنەوە و پێوەر و مامەڵەشدا بڕووخێت. سیستم و دەسەڵات و پێگە و مافی پێکهاتەکان له‌پێشوو جیاواز بێت، بۆیه‌ لێرەوە هه‌ر چه‌شنه‌ ئازاردانێكی كورد له‌ سووریای نوێدا، ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ دۆخی پێش رووخانی رژێم لە بەرگێکی نوێدا! لەم چوارچێوەدا، قسه‌كانی ئه‌حمه‌د شه‌رع دەربارەی دوێنێ و ئێستا و ئایندەی کوردی رۆژئاوا باشن، به‌ڵام وردكردنه‌وه‌یان ده‌وێت، بۆ نموونە، تێڕوانینی ئه‌وان بۆ پرسی كورد چۆنه؟ داخۆ لەگەڵ ناناوەندیی دەسەڵات و بەهرەمەندبوونی کورد لەم چوارچێوەدا دەبن؟.

كاروانی ده‌شڵێت: بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی سووریا ئه‌زموونی عێراق گه‌وره‌ترین تاقیكردنه‌وه‌یه‌ له‌ به‌رده‌میان، عێراق به‌ رووخانی رژێمەکەی و نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور و گرژییه‌كانی دوای نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوور، شەڕی ناوخۆیی و ئەو بنبەستە سیاسییەی ئێستا تیایدایە، ئه‌زموونێکی باشە بۆ سوودلێوەرگرتن و کەمکردنەوەی هەڵەکان و دووپاتنەکردنەوەی شکستەکان. لە سووریای نوێش گرنگه‌ هاوشێوەی براکانیان لە باشوور، كورده‌كان رۆڵی گرنگیان له‌ نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووردا هەبێت. له‌ سووریا گرنگه‌ كوردی رۆژئاوا بە تێگه‌یشتن و دید و شاندی هاوبەشەو‌ە بچنه‌ شام، بۆ گفتوگۆ و بەشداری لە بەڕێکردنی قۆناغی راگوزەری و نووسینەوەی دەستووردا بکەن.

ئەو سیاسه‌تمه‌دارەی گه‌لی كورد، راشیگه‌یاند: گرنگە سوود لە ئەزموونی سه‌ركرده‌كانی باشووری كوردستان وەربگیرێت‌، بۆ یەکێکی وەکوو کاك مەسعود بارزانی تەنیا ئەوەندە بەس نیە ئەزموونی خۆی بخاتە بەردەم براکانی، بەڵکوو دەبێت رۆڵی نابژیوانی و لێک نزیککردنەوەی دیدەکان و یەکخستنی هەڵوێستەکان بۆ هێزە کوردییەکانی رۆژئاوا بگێڕێت.

گوتیشی: هەر دەستپێشخەرییەکی کاک مەسعود بارزانی بۆ رەوشی ئەمڕۆی کورد لە سووریا بە مەبەستی یەکخستنی نێوماڵی ئەو پارچەی کوردستان، گرنگە.

Back to top button