كارزان هه‌ناره‌یی، پارێزەری راوێژكار: ئەوەی عه‌لی حه‌مه‌ساڵح کردی، کاری سخووڕییە نەک پەرلەمانتاری

پارێزه‌رێكی راوێژكار داوا دەكات عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان ڕووبەڕووی یاسا بكرێتەوە و جەخت دەكاتەوە كە ئەو كارمەندانەشی لە ڤیدیۆكەدا دەركەوتوون، مافی تۆماركردنی سكاڵایان هەیە.
لەمبارەیەوە كارزان هه‌ناره‌یی، پارێزەری راوێژكار رایگەیاند: كاری په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتار به وێنه‌گرتن و تۆماركردنی ڤیدیۆی شوێنه ئه‌منییه‌كاندا نییە و بۆچی ئەم كارە دەكات؟ دواتر به‌پێی یاسا هه‌م یاسای مه‌ده‌نی و هەم سه‌ربازی، بۆ هیچ كه‌سێك نییه ئه‌گه‌ر پارێزبه‌ندیشی هه‌بێت، وێنه‌ی دامه‌زاروه‌ی ئه‌منی بگرێت و ده‌موچاوی كارمه‌ندانی ئه‌منی نیشان بدات و بڵاویان بكاته‌وه.
جەختیشی كردەوە: به‌هۆی ئه‌و ڤیدۆیەی عه‌لی حەمەساڵەوە، ئه‌گه‌ری مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانی زۆرێك له‌سه‌ر هێزی ئه‌منی دروست بووه، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی دەموچاویان ده‌رچووە. بۆیە ئه‌مه‌ی كراوه ده‌چێته خانه‌ی سیخوڕی و خۆفرۆشیه‌وه، چونكه ناردنی ڤیدیۆ بۆ پێگەكانی سەر بە میلیشیا تیرۆریست و لە یاسا ده‌رچووه‌كان دیاره به‌فیتی كێ بووه!
ئەوەشی خستە روو كە كارمەندانی دەزگا ئەمنییەكان لەوانەی كە دەموچاویان دەركەوتووە لە تۆمارە ڤیدیۆكەدا، مافی ئەوەیان هەیە سكاڵا تۆمار بكەن، بەهۆی ئەوەی ژیانیان كەوتۆتە مەترسییەوە.
باسی لەوەش كرد كە لە ڤیدیۆكەدا بارەگای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و پەرلەمان و بازگەکان دەركەوتوون لە كاتێكدا پێشتر بەشێك لەو بارەگایانە لە لایەن میلیشیا تیرۆریستییەكانەوە بۆردومان كراون، بۆیە ناردنی ئەم ڤیدیۆیە بۆ پێگەی میلیشیاکان، تەواو کارێکی سیخوڕییانەیە و به‌شێك له بازگه‌ی ئه‌منی و خاڵی ئه‌منی ده‌رچوون، بۆیە ئه‌مه ترسناكه.
ئەوەشی نەشاردەوە كە ئەو كارەی عەلی حەمەساڵح كردووەتی، لە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كوردستاندا نییە و بە ئامانجی زەرەرگەیاندنی قەوارەی هەرێمی كوردستان و تێكدانی ئارامی و سەقامگیرییە، دەبێ پارێزبەندییەكەی لەسەر هەڵبگیرێت و ڕووبەڕووی یاسا بكرێتەوە.