سەهل سوورچی: پێویستە هەرچی زووە پارێزبەندی لە عەلی حەمە ساڵح وەربگیرێتەوە

چالاکێکی سیاسی رایدەگەیەنێت پێویستە هەرچی زووە پارێزبەندی لە عەلی حەمەساڵح وەربگیرێتەوە بۆ ئەوەی چیدیکە خەڵکێک لەژێر چەتری پارێزبەندیدا دژایەتی قەوارەی هەرێمی کوردستان نەکەن.

سەهل سوورچی لە فیسبووکی خۆی بابەتێکی نووسیوە و تیایدا هاتووە، “سیخوڕیکردن لە ئێستادا زۆر جیاوازترە لە سەردەمی پێشووتر ، ئەو موبایلەی لەناو گیرفانەکاندایە ، ترسناکترین ئامرازی سیخوڕیکردنە ، پێویستە لەوە تێبگەین فۆتۆیەک ، ڤیدیۆیەک ، دەنگێک،لە هەر شوێنێک بکەوێتەوە دەست خەڵکێکی دیکە و میدیایی نەیار (سیخوڕیکردنە)، ناکرێت تۆ پەڕلەمانتاربی و خۆت بە نوێنەری خەڵک بزانی ، کەچی میدیایی زمانحاڵی مووشەک و درۆنەکانی سەر هەرێم سودت لێوەربگرن و بە ناردنی ڤیدۆی شوێنە هەستیارەکانی هەرێم ببیتە پەیامنێرییان، ناکرێت تۆ لەژێر چەتری پارێزبەندی پەڕلەمانەوە سیخوڕی بەسەر کوچە و کۆڵان و دام و دەزگاکانی هەرێم بکەیت و شانازیشی پێوەبکەیت ..!”

هەروەها نووسیویشیەتی، “ئەمە کارەساتە و ئەبێت چارەسەربکرێت ، چۆن دەبێت پەڕلەمانتارێکی وەک عەلی حەمە ساڵح بە ڕۆژی ڕووناک بڕوات ڤیدیۆیی هێزەئەمنییەکان و دام و دەزگا فەرمییەکان بگرێت و بینێرێت بۆ میدیاییەک کە ئیش و کاری دژایەتی هەرێمە..! بۆیە ئەگەر پارێزبەندی لێوەرنەگیرێتەوە،دوورنییە کەسانی دیکەش سود لەم دەرفەتە وەربگرن، ئەم پرسە ئاوا ئاسایی و ئاسان نییە زوو تێپەڕێت،کارەساتێکە ئەبێت بکەر و مامۆستایانی ئەم کارانە کە لەژێر ناوی پەڵەمانتار و چاڵاکوان و ڕۆژنامەنووسەوە دەیکەن سزا بدرێن و حەدێکیان بۆ دابنرێت.”

Back to top button