رۆژنامەنووسێكی عێراقی: هەموو راپۆرتە داراییەكانی حكومەتی عێراق درۆ و چەواشەكارانەن

نووسەرێکی عێراقی لە ڕاپۆرتێکی بنکۆڵکاریدا، ژێر بەڕە دەهێنێتە سەر بەڕە و تەواوی ڕاپۆرتە بانکییەکانی بانکی ناوەندی و ڕاپۆرتە فەرمییەکانی وەزارەتی دارایی عێراق بەدرۆ دەخاتەوە و بە ”چەواشەکاری“ ناویان دەبات و دەڵێت: عێراق، شکست و گەندەڵی و قەیرانی دارایی بە ڕاپۆرتی ناڕاست دەشارێتەوە.
یەحیا ئەلکوبەیسی، نووسەر و ڕۆژنامەوانی عێراقی لە ڕاپۆرتێکدا کە ڕۆژنامەی (القدس)ی عەرەبی بڵاوی کردووەتەوە نووسیویەتی: هەڵسەنگاندنەکان دەربارەی ئابووریی عێراق جیاوازن، هەم بەپێی جیاوازیی سەرچاوەکانیان، جا ڕاپۆرتی نێودەوڵەتی بن یان لێدوان و ئامارە فەرمییەکانی وڵاتەکە لە کاتی بەردەستبوونیاندا. دوژمنایەتییەکی مێژوویی لە نێوان دامەزراوە عێراقییەکان و مافی دەستگەیشتن بە زانیاریەکان هەیە.
هەروەها نووسیویەتی: ئەگەر چاوێک بە ماڵپەڕی بانکی ناوەندیی عێراقدا بخشێنینەوە، ئەوە بەدی دەکەین کە دوایین ڕاپۆرتی بانکەکە لەبارەی سەقامگیریی دارایی، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2023 و تا کۆتایی مانگی پێنجەمی ساڵی 2025، ڕاپۆرتی سەقامگیری دارایی بۆ ساڵی 2024 دەرنەچووە. هەروەها تا ئێستا ڕاپۆرتی تایبەت بە وەرزی یەکەمی ساڵی 2025 تایبەت بە (ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ بواری بانکداری) دەرنەچووە.
ئەو نووسەر و ڕۆژنامەوانە عێراقییە بە خستنەڕووی ڕاپۆرتی تایبەت، ئەوەی ئاشکرا کردووە کە ڕاپۆرتە بانکی و داراییەکانی عێراق ڕای گشتی چەواشە دەکەن و هەموویان ناڕاستن، لەم بارەیەوە دەڵێت: بە پێداچوونەوە بە ڕاپۆرتی (تایبەت) بە وەرزی چوارەمی ساڵی (2024) دەریدەخات کە یەدەگی بیانیی وڵاتەکە بە ڕێژەی (10.2%) دابەزیوە و گەیشتووە بە (103.8%) تریلیۆن دیناری عێراقی. ئەم یەدەگە لە ساڵی 2023 ـدا بڕی (145.6) تریلیۆن دیناری عێراقی بوو (سەیر و سەمەرەش ئەوەیە بانکەکە هیچ ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە بۆ هۆکارەکانی ئەم دابەزینە، بەڵکوو ئاماژەی بەوە داوە کە «ڕێژەکە بەردەوام ئەرێنی و کاریگەرە چونکە لە ڕێژە ستانداردییەکە کە بە ڕێژەی 100% دیاری کراوە و یەدەگی بیانی لەوەش بەرزترە!)
كوبویسی ئەوەشی خستووەتە ڕوو: بەپێی ڕاپۆرتە فەرمییەکانی دارایی عێراق، خەرجی حکومی بە ڕێژەی لە (30%) زیادی کردووە! بەڵام ڕاپۆرتەکە هیچ زانیاری یان ڕوونکردنەوەیەکمان پێنادات بۆ هۆکارەکانی ئەم بەرزبوونەوەیە و کەس نازانێت چۆن خەرجییە حکومییەکان بە ڕێژەی 30% زیادی کردووە.
دەشڵێت: بەرزبوونەوەی خەرجیی حکومی لە زۆربەی کاتەکاندا بەڵگەیە لەسەر شکست و زیادبوونی ڕێژەی گەندەڵی، نەک سەرکەوتن.
ڕوونیشی کردووەتەوە: سەبارەت بە هەڵاوسان، ڕاپۆرتی ساڵی 2023ی (ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە بۆ بواری بانکداری) ئاگادارمان دەکاتەوە کە ڕێژەی هەڵاوسان دابەزیوە، بەڵام گەڕاوەتەوە بۆ شێوازی حیسابکردنی ڕێژەی ساڵی 2012ە. لەگەڵ گۆڕینی ساڵی بنەڕەت لە حیسابکردنی پێوەری نرخەکان لە 2012 بۆ 2022، بەم شێوەیە ئێمە بەرەوڕووی ئامارێکی تەواو چەواشەکارانە دەبینەوە پێوەند بە حیسابکردنی ڕێژەکانی هەڵاوسان، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە ساڵی 2022 بەراورد بە ساڵی 2012.
ئەوەشی ئاشکرا کردووە: ڕێژەی هەڵاوسان لە وەرزی چوارەمی ساڵی 2024 (2.8%)ی تۆمار کردووە، لە کاتێکدا ڕێژەکە (3.5%) بووە لە وەرزی سێیەمی هەمان ساڵدا، بەڵام بۆ ئەوەی لە کۆتاییدا بگاتە ئەوەی دڵنیایی لە (بوونی سەقامگیری لە ئاستی گشتیی نرخەکان) بدات، بەبێ ئەوەی ئەو ڕێژەیە لەگەڵ ڕێژەی هەڵاوسان لە وەرزی چوارەمی ساڵی 2023 بەراورد بکات بەپێی میتۆدی ڕاپۆرتەکە! بەڵام خشتەی ڕاپۆرتی تایبەت شتێکی تەواو جیاواز دەڵێت، وەرزی یەکەمی ساڵی 2024 هەڵاوسانی تۆمار کردووە بە ڕێژەی (0.8%) ئەم ڕێژەیە لە وەرزی دووەمدا بەرز بووەتەوە بۆ (3.3%) پاشان بەرز بووەتەوە بۆ( 3.5% ) لە وەرزی سێیەم، بەم شێوەیە ئەو دابەزینەی وەرزی چوارەم تۆماری کردووە کە ڕاپۆرتەکە وەک بەڵگەی لەسەر «سەقامگیری لە ئاستی گشتی نرخەکان» هەژماری کردووە، ئەم ئامارانە بە تەواوی چەواشەکارییە و ڕاستی ئەوەیە کە ڕێژەی هەڵاوسان لە وەرزی چوارەمدا گەیشتووە بە (3.5%) ئەوەندەی ڕێژەی هەڵاوسان لە وەرزی یەکەم، ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ناسەقامگیری ئاستی گشتیی نرخەکان، نە جێگیری و سەقامگیری کە ڕاپۆرتی فەرمی دارایی باسی کردووە.
ئەو نووسەر و ڕۆژنامەوانە عێراقییە ئاماژەی بەوەش کردووە: لەجیاتی ئەوەی ئەم ئامارانە زەنگی مەترسی لێ بدەن دەربارەی دۆخی دارایی، کەچی حکومەتی عێراق لە کۆبوونەوەکەیدا لە ڕۆژی 15ی نیسانی 2025، دەسەڵاتی بە وەزارەتی دارایی دا کە بڕە ئەمانەتە باجییەکان کە هێشتا تەمەنی پێنج ساڵ تێناپەڕێت هەڵبگرێت، کە زیاتر (لە 3 تریلیۆن و 45 ملیار دیناری عێراقی دەبێت) بۆ دابینکردنێ مووچەی مانگی نیسان و مانگەکانی دواتر، ئەمەش لە ڕاستیدا واتای ئەوەیە کە بڕێک زیاتر لە 2.6 ملیار دۆلاری زیاد کردووە بۆ بودجەی دیاریکراوی، قەرزێکی ناوخۆیی زیادەشی زیاد کردووە بە کۆی گشتی (قەرزی گشتی بە بڕێک زیاتر لە 2.6 ملیار دۆلار) بەبێ پشتیوانی یاسایی، یاسای بودجە و یاسای بەڕێوەبردنی داراییی دەوڵەتی پێشێل کردووە.“
ئەوەشی خستووەتە ڕوو: سندووقی دراوی نێودەوڵەتی لە ڕۆژی 15ی ئایاری 2025 ڕێنمایی بە عێراق دابوو کە دەبێت هەنگاوی بەپەلە بگرێتە بەر بۆ پاراستنی سەقامگیریی دارایی. کەچی وەزارەتی دارایی ئاماری چەواشەکارانە بڵاو دەکاتەوە و دەیەوێت شکستەکان بەم ڕاپۆرتانە ببپۆشێت.
دەشڵێت: ڕاپۆرتی سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ئاماژه بەوە دەکات کە بەرهەمی ناوخۆیی کۆی گشتیی عێراق بە ڕێژەی 2.5% لە ساڵی 2024 دابەزیوە، ئەمەش دژبەرە لەگەڵ ئەو ئامارانەی بانکی ناوەندی پێشکەشی کردووە.
ڕوونیشی کردووەتەوە: ڕاپۆرتە تایبەتەکان ئەمە دەگەڕێنێتەوە بۆ خاوبوونەوە لە وەبەرهێنانی گشتی و بواری خزمەتگوزاریەکان، هەروەها لاوازی لە تەرازووی بازرگانی، بەم شێوەیە کەس نازانێت ئەم قەبارە گەورەیە لە خەرجیی گشتی بۆ کوێ دەچێت کە بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی پێکردووە.
هەروەها دەڵێت: ڕاپۆرتەکان هۆکارەکانی خراپبوونی دۆخی دارایی و دابەزینی یەدەگی بیانی ڕوون دەکەنەوە و بەپێی ئەو ڕاپۆرتانە کەمیی دارایی بۆ ساڵی 2024 گەیشتووە بە 4.2% لە کۆی گشتیی بەرهەمی ناوخۆیی، بەراورد بە ڕێژەی 1.1% لە ساڵی 2023. هەروەها هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی خەرجیی حکومی دەگەڕێنێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی مووچە و کرێکان (بەهۆی سیاسەتەکانی دامەزراندن کە پەیوەندیی بە بەرتیلدانەوە هەیە). هەروەها ڕاپۆرتەکان ئاماژه بەوە دەکەن کە بەرهەمی ناوخۆیی کۆی گشتی لە ساڵی 2025 خاو دەببێتەوە و یەدەگی بیانییش بە تەواوی دادەبەزێت.