
د.محه‌مه‌د خورشید: عێراق میلیشیا بەڕێوەی دەبات و دەسەڵاتدارانی ناحەقی بەرامبەر خەڵكی كوردستان دەكەن
ئه‌ندامێكی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی دیموكراتی كوردستان نیگه‌رانه له‌و دۆخه‌ی له عێراقه‌وه بۆ كوردستان خوڵقێنراوه و ده‌ڵێت: “ئه‌و عه‌قڵییه‌ته باوه‌ڕی به ده‌ستووری عێراق نه‌ماوه.“
د. محه‌مه‌د خورشید، ئه‌ندامی كۆمیته‌ی ناوه‌ندی پارتی رایگەیاند: “مامه‌ڵه‌ی حكومه‌تی فیدڕاڵی له نیگه‌رانی تێپه‌ڕیوه، ئه‌مه ناحه‌قییەكی گه‌وره‌یه به‌رامبه‌ر به خه‌ڵكی كوردستان و به مووچه‌خۆرانی كوردستان ده‌یكات كه دوو به‌شه، به‌شێكی نەناردنی مووچه‌یه له دژی مووچه‌خۆران، به‌شێكی بودجه‌یه كه بودجه‌ی گشتیی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه.“
راشیگەیاند: ”حكومه‌تی فیدراڵی ده‌ستووری عێراق پێشێل ده‌كات، ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێته‌وه بۆ ده‌ستووری عێراق، دەستوور ده‌سه‌ڵاتی بۆ حكومه‌تی فیدراڵ دیاری كردووه و ناكرێت به‌م شێوه‌یه مامەڵە له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بكات. له ماده 121ی ده‌ستووری عێراق دیاری كراوه كە پێویسته به شێوەیەكی یه‌كسان و دادپه‌روه‌رانه له داهاتی حكوومه‌تی فیدراڵی بۆ هه‌رێمه‌كان و پارێزگاكان دیاری بكرێت، به‌و شێوه‌ی كه پێداویستییه‌كانیان جێبه‌جێ بكرێت، به‌ڵام ئه‌مه پێشێلی ئه‌و ماده ده‌ستوورییه‌یه و پێشێلكردنی ماده‌كانی تایبه‌ت به داهاتی نه‌وت و ماده‌ی 112ە كه هاتووه، پێویسته داهاتی نه‌وت به‌و شێوه‌یه بێت كه به‌شی ئه‌و هه‌رێمانه بدرێت كه نه‌وتی تێدا ده‌رده‌هێنرێت، بۆیە ئه‌مه‌ی دەكرێ پێشێلكردنی ده‌ستووری عێراقیشه.“
ئاماژەی بەوەشدا: “پێش جه‌ژن له به‌یاننامه‌ی كۆمیته‌ی ناوه‌ندیی پارتی هاتووه كه نوێنه‌رانی ئێمه راسپێدراون ئه‌م گرفته چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام حكوومه‌تی عێراق له‌سه‌ر خۆی ده‌ركردووه و ئێستا بڕیاره دادگای فیدراڵی بڕیارێك ده‌ربكات بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی فیدراڵی جارێكی دیكه نه‌توانێ مووچه رابگرێت، بەداخەوە بەغدا نه‌چووەته ژێر باری بڕیاری دادگای فیدڕاڵییەوە، ئێستاش كۆمەڵێك لێدوانی توند ده‌درێت، له چه‌ند ساڵی رابردووش‌دا ئه‌و كه‌سانه‌ی له حكوومه‌تی عێراق له ده‌سه‌ڵات بوون هه‌وڵیان داوه كه ده‌ستوور پیشێل بكه‌ن.“
روونیشیکردەوە، كە هەر چەندە فەرمانڕەواییكردنی ئێستای عێراق فیدراڵییه، به‌ڵام ”دیاره دەسەڵاتدارانی بەغدا باوه‌ڕیان به سیسته‌می فیدراڵی نییه و كه‌سانی هاوشێوه‌ی خەزعه‌لی هەرگیز باوه‌ڕیان به ده‌ستوور و مافه‌كانی كوردستان نییە. ئێستا عێراق له جیهاندا بووه به شوێنێكی دیار كه له لایه‌ن گرووپ و تاقم و میلیشیاوە به‌ڕێوه ده‌چێت، ئه‌و جۆره لێدوانانەی له دژی كوردستان ده‌درێن بوو‌نه‌ته دروشمی هه‌ڵبژاردن، به‌وه‌ی كوردستان بكه‌نه مینه‌به‌رێك بۆ كۆكردنه‌وه‌ی ده‌نگ. ئه‌و عه‌قڵییه‌تە عێراقی وا لێ كرد و بەمڕۆی گەیاند. ئێستاش له روانگه‌ی لێدان له كوردستانه‌وه ده‌یانه‌وێت بەردەوامی بە مانەوەی خۆیان بده‌ن، به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م عه‌قڵییه‌ته ئاوا به‌رده‌وام بێت تەمەنی لە تەمەنی رژێمه‌كانی پێشووتر درێژتر نابێت.“