پێدانی قەرزی بچووک بە هاووڵاتیان دەستپێدەکاتەوە

بەڕێوەبەری قەرزی بچووک لە دھۆک دەڵێ، لە ئایندەیەکی نزیکدا قەرزی بچووک دەدرێت بە گەنجان و ئەمەش لە چوارچێوەی پڕۆژەی گەشانەوەیە کە ئەمساڵ ژمارەی سوودمەندبووان زیاد دەکرێت و پڕۆژەکەش فراوانتر دەکرێت.

گوھدار عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری قەرزی بچووک لە دھۆک، رایگەیاند، “پڕۆژەی قەرزی بچووک لە ساڵی 2011 دەستی پێکرد و تا ساڵی 2016 بەردەوام بوو، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی راگیرا، ئەوکاتی لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان ھەشت ھەزار و 100 کەس سوودمەندبوون لەو قەرزە، بەشێک لە سوودمەندبووانی قەرزی بچووک بەھۆی بڕینی مووچە و شەڕی داعش و قەیرانی دارایی نەیانتوانی لەکاتی خۆیاندا پابەندی گەڕاندنەوەی قەرزەکە بن.

بەڕێوەبەری قەرزی بچووک لە دھۆک گوتیشی، “حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری دا ھەرکەسێک قەرزەکە ھەمووی بگەڕێنێتەوە ئەوە 20%ی لێخۆشبوونی بۆ دەکرێت و لە ماوەی شەش مانگدا ژمارەیەک سوودمەندبوو سوودیان لە بڕیارەکە بینی، لە ئێستادا داوا لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کراوە بڕیاری لێخۆشبوون درێژ بکرێتەوە.

گوھدار عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، “پێش دوو ساڵ پڕۆژەی گەشانەوە کەوتە بواری جێبەجێکردن و ساڵی ڕابردوو 25 گەنج سوودمەندبوون، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا دووبارە دەست بە پڕۆژەکە بکرێتەوە و ئەمجارە 100 کەس سوودمەندبن، قەرزەکە بۆ خاوەن پڕۆژەکانە و فراوانتر دەکرێت، ھەر کەسێک مەرجەکانی تێدابێت دەتوانێت لە 20 ملیۆن دینارەوە تا 150 ملیۆن دینار سوودمەند بێت.

Back to top button