روانگەی ئیکۆ عێراق: هەناردەکردنەوەی نەوت پرسی مووچە چارەسەر دەکات

روانگەی ئیکۆ عێراق رایدەگەیەنێت، پێدانی نەوت بە کۆمپانیا نەوتییەکان کە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، رۆژانە زیاتر لە سێ ملیۆن دۆلار داهات بۆ عێراق دابین دەکات.

ئەمڕۆ شەممە، 27ی ئەیلوولی 2025، روانگەی ‘ئیکۆ عێراق’ کە تایبەتە بە بواری ئابووری لە راگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، “دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوێکی گرنگە کە سوودی بۆ حکومەتی فیدراڵی و هەرێم و تەنانەت کۆمپانیاکانیش دەبێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “داهاتی زیادە بە بڕی 3.36 ملیۆن دۆلار کە دەکاتە نزیکەی 100.8 ملیۆن دۆلار لە مانگێکدا دەداتە گەنجینەی دەوڵەت، روونیشی کردەوە، “سوودێکی گرنگی بۆ هەرێم لە چارەسەرکردنی پرسی دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆران و فەرمانبەران هەیە، کە ساڵانێکە پێەوە گیرۆدەبوون.”

لە راگەیەندراوەکەی روانگەی ئیکۆ عێراقدا هاتووە، ” ئەو کۆمپانیایانەی لە کوردستان کاردەکەن، شەرعیەتی زیاتریان بەدەستهێناوە لە بوونی خۆیان لە هەرێم.”

ئیکۆ عێراق دەشڵێت: یەکەی چاودێری روانگەکە تێبینی ئەوەی کردووە “پشکی بەشێک لە کۆمپانیاکان دوای واژۆکردنی رێکەوتنی هەناردەکردنەوەی نەوت بەرزبووەتەوە، وەکو کۆمپانیای گوڵف کیستۆن پترۆلیۆم و گەنێل ئینێرجی”، ئاماژەی بەوەشکردووە، “کۆی گشتی نەوتی بەرهەمهێنراو لە هەرێمی کوردستان دەگاتە نزیکەی 290 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا، بە پشکی کۆمپانیاکانیشەوە”.

هەروەها باسی لەوەش کردووە، بڕی بەرهەمهێنان 290 هەزار بەرمیلە کە 190 هەزاری لەڕێگەی کۆمپانیای سۆمۆ هەناردەی بازاڕەکانی جیهان دەکرێت، 50 هەزار بەرمیلیش بۆ ناوخۆی هەرێم بەکاردەهێنرێتەوە، 50.1 هەزار بەرمیلیش پشکی کۆمپانیاکانە.

Back to top button