
مەسرور بارزانی : ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان پارێزراوە
ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی ئەیلوولی 2025، بە چاودێری و ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان؛ رێوڕەسمی راگەیاندنی ‘رێبەری سەلامەتی’ لە لایەن وەزارەتی ناوخۆوە بەڕێوەچوو و سەرۆک وەزیران گوتارێکی پێشکەش کرد.
دەقی گوتارەکەی مەسرور بارزانی:
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز، رۆژتان باش، زۆر زۆر بەخێر بێن.
خۆشحاڵم کە لێرەم و لەگەڵ ئێوە، شاهیدی بینینی ئەم پێشکەوتنانە بووم کە لە وەزارەتی ناوخۆدا هەیە.
دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ دەکەم بە ئەنجامدانی ئەم کارە گرنگە، کە نووسینەوە و ئامادەکردنی رێبەری سەلامەتییە. ئەم دەستپێشخەرییە بەشێکە لە ڕوانگە و ستراتیژی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئاراستەی پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.
مایەی خۆشحاڵی و دەستخۆشییە کە وەزارەتی ناوخۆ لە چەندین سێکتەری جیاوازدا، دەستپێشخەریی گرنگ و پڕۆژەی گەورەیان جێبەجێ کردووە، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە خزمەتی خەڵکی کوردستان بکەن.
ئەم رێبەرە دەبێتە بناغە و بنەمایەک بۆ پاراستنی سەلامەتی لە باڵەخانە و شوێنەکانی نیشتەجێبوون و کۆگا و بەنزینخانە و هەموو ئەو پڕۆژانەی کە هاووڵاتییان تێیدا دەژین، یان مامەڵەی رۆژانەی لەگەڵ دەکەن. ئامانج لە ئامادەکردنی ئەم ڕێبەرەش ئەوەیە کە هاووڵاتیان لەم شوێنانە پارێزراو بن و هیچ زیانێکی گیانی و ماددییان پێ نەگات و رێگری بکرێت لە ڕوودانی هەر هەڵەیەکی تەکنیکی، نەوەک خوانەخواستە کارەساتێک روو بدات و زیانێکی گەورەی مرۆیی و ماددی لێ بکەوێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆ وەزارەتێکی گەورە و گرنگی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و جگە لەوەی وەزارەتێکی خزمەتگوزارییە و چەندین جۆری خزمەت پێشکەشی هاووڵاتییان دەکات، لە هەمان کاتدا جێبەجێکاری یاسایە و بەرپرسیاریشە لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری هاووڵاتییان، بە هەماهەنگی و هاوئاهەنگیی دەزگا پەیوەندیدارەکانی دیکە.
لە سایەی شەونخوونی و ماندووبوونی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و هێزەکانی ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی تر، ئاسایش و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان پارێزراوە و لە بواری بەرەنگاربوونەوەی هەموو جۆرەکانی تاوان و لە پێناو پاراستنی هاووڵاتییان، ئێمە باشترین تەکنەلۆژیامان خستووەتە خزمەت و بەردەستی پۆلیسی کوردستان، بۆ ئەوەی زۆر ئاسانتر و خێراتر بتوانن بەدوای تاوانباراندا بگەڕێن رووبەڕووی یاسایان بکەنەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستان هەروەها لە رێگەی وەزارەتی ناوخۆوە، پێشکەوتووترین تەکنەلۆژیا و ئامێر و کەرەستەی رزگارکردن و ئاگرکوژێنەوەی بۆ تیمەکانی بەرگریی شارستانی دابین کردووە، بەڵام بێگومان لەم کەلوپەلانە گرنگتر ئەوەیە کە چۆن ڕێگری بکەین لە روودانی کارەسات و سنووردانان بۆ رووداوە نەخوازراوەکان و ئاگرکەوتنەوە و تەشەنەنەکردنی، ئەمەش لە رێگەی پابەندبوون بە رێنمایی و رێبەرەکانی سەلامەتییەوە دەبێت کە پێویستە بەدواداچوونی تەواو بکرێت و بە تەواوی جێبەجێ بکرێن.
لێرەدا بە دەرفەتی دەزانم ئاماژە بە دەستپێشخەری و پڕۆژەیەکی دیکەی گرنگی وەزارەتی ناوخۆ بکەم کە بووەتە هۆی کەمکردنەوەی رووداوەکانی هاتووچۆ و پاراستنی گیانی هەزاران هاووڵاتی. ئەویش دانانی کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕۆییە، کە وەزارەتی ناوخۆ بە بیر و ستراتیژێکی ڕوون، دەستی بە جێبەجێکردنی کردووە و لەو شوێنانەی کە ئەو پڕۆژەیە بە تەواوەتی کەوتووەتە کار، لە ماوەی یەک ساڵدا رووداوەکانی هاتووچۆ بە رێژەی 50% کەمیان کردووە و مردن و برینداربوونی سەختیش زیاتر لە 60% دابەزیوە. هەروەها بووەتە هۆکاری کەمبوونەوەی زیانی گەورەی دارایی بە هاووڵاتییان کە بەهۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە پێشتر تووشی دەبوون، ئەمە سەرەڕای ئەو زیانە زۆرانەی کە بەر شەقامەکان و پڕۆژەکانی حکومەت دەکەوتن.
وەزارەتی ناوخۆ هەروەها لە رێگەی پڕۆژەی دیکە لە بواری پەروەردەکردنی شۆفێران لەژێر سیستمی نوێی راهێنانی شۆفێری و سیستمی نوێی ساڵیانە و مۆڵەتی شۆفێری، ڕووداوی گیانلەدەستدان و برینداربوون و زیانی دارایی کەم کردووەتەوە کە لە ساڵانی داهاتوودا ئەنجام و ئەرێنییەکانی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە زیاتر بە روونی دەردەکەون.
داوا لە هاووڵاتیانی خۆشەویست دەکەم، لە پێناو پاراستنی گیان و سەر و سامانی خۆیان و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان، پابەندی یاسا و ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و هاتووچۆ بن، بۆ ئەوەی هەموومان دوور بین لە کارەسات و رووداوی نەخوازراو.
خوشک و برایانی بەڕێز؛
کوردستان لە هەموو سێکتەرەکان پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و ئەمە جێی دەستخۆشییە و هەموومان شانازی بەو پێشکەوتنانە دەکەین کە لە کوردستان دەیبینین؛ بەڵام بێگومان چەند پێشکەوتنیش دەبێت، دەبێت خۆشمان بگونجێنین لەگەڵ ئەو پێشکەوتنانە و ئاستی کوردستان لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکان نزیک بکەینەوە و وا بکەین کە کوردستان و هاووڵاتییانی کوردستان چەند سوودمەند بن لە پێشکەوتن و لە تەکنەلۆژیا، ئەوەندەش پارێزراو بن لە مەترسییەکان.
هاوشێوەی ئەم ڕێبەرەی کە ئەمڕۆ بینیمان، لە وەزارەتەکانی تریش ئامادەکاری دەکرێت بۆ دەرچوواندنی رێبەری تر کە دیسان بکەونە خزمەتی هاووڵاتیان. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەرکی خۆیەتی کە لە پێناو باشترکردنی ژیانی هاووڵاتیان رۆژ بە رۆژ کار بکات و خۆی ماندوو بکات؛ بەڵام زۆر زۆریش گرنگە کە هاووڵاتیانی خۆشەویست هاوکار بن و بەبێ هاووڵاتییان بە گومان حکوومەت بە تەنیا ناتوانێت سەرکەوتوو بێت. داوای من لە هاووڵاتیانی خۆشەویست ئەوەیە کە هەر رێنماییەک کە دەردەچێت، پابەند بن پێیانەوە، چ بۆ سەلامەتیی خۆیان بێت، یانیش سەلامەتیی کەسوکار و هاووڵاتییانی دیکە؛ لە هاتووچۆ، لەسەر ڕێگەوبان، لە بابەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئاگر یان هەر بابەتێکی تر، رێنمایی پێویست هەیە. هیوادارم خۆیان بەدواداچوون بکەن، زیاتر خۆیان فێر بکەن کە چۆن لەگەڵ ئەم پێشکەوتنانە بگونجێن.
من دەستخۆشی لەو هەموو کارمەند و فەرمانبەر و خوشک و برا خۆشەویستانە دەکەم کە بەڕاستی خۆیان دەکەنە قوربانی و ئامادەن خۆیان بکەنە قوربانی بۆ سەلامەتیی هاووڵاتییانی تر. لێرەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو خۆشەویستانە دادەنەوێنم کە گیانی خۆیان کردووەتە قوربانی و دەستخۆشیش لەو خوشک و برا بەڕێزانە دەکەین کە لە ئەرکدان و بەردەوامن لە پاراستنی سەلامەتیی هەموو لایەکمان.
دەستخۆشیتان لێ دەکەم، شانازیتان پێوە دەکەم. ئینشاڵا هەر سەرکەوتوو و سەلامەت بن و کوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت. زۆر زۆر سپاس.