
بەسەرپەرشتی مەسرور بارزانی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان کۆبووەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی ئۆکتۆبەری 2025، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی بۆردی ئەمیندارانی دەستەی متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پرۆگرامەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان، بۆردی ئەمینداران کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی دەستەکە بەشداربوو، سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی بۆردی ئەمینداران، ئاماژەی بەوە دا کە ئامانجی دەستەکە پێشخستن و باشترکردنی پێوەر و ستاندارد و کواڵێتی خوێندنە لە هەرێمی کوردستان.جەختیشی لە گرنگی بەهێزکردنی هاوئاهەنگی و هاریکاری دەستەکە لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و رێکخراو و ئاژانسەکانی تایبەت بەم بوارە کردەوە. هەروەها سوپاسی دەستەی ئەمیندارانیشی کرد بۆ هەوڵ و کارکردنیان لەم پێناوەدا.
دوای گفتوگۆ و راگۆڕینەوە لە بارەی کارنامەی کۆبوونەوەکە، چەند بڕیارێکی پێویست دران ، لەوانە پەسەندکردنی ستانداردەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا، ڕێبەری متمانەبەخشین بە دامەزراوەکانی ئەکادیمی و سیستەمی ڕیزبەندیی ئەو دامەزراوانە لە هەرێمی کوردستان بەپێی ستانداردەکانی متمانەبەخشین.
هەروەها بڕیار درا زانکۆکانی کاتۆلیک لە هەولێر، زانکۆی سۆڕان، زانکۆی نەورۆز، زانکۆی گەرمیان و زانکۆی پۆلیتەکنیکی سلێمانی ببن بە بەشیك لە پرۆژەی تاقیکاری متمانەبەخشین.