
سبەی تیروپشک بۆ ناوی خوازیارانی حەجی ساڵی 2026 دەکرێت
کاروان ستوونی، گوتەبێژی فەرمی حەج و عەمرەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: پرۆسەی ناو تۆمارکردن بۆ حەج، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار بە شێوەی ئەلیکترۆنی بەڕێوەچوو.
گوتیشی، 89 هەزار کەس ناویان بۆ بەجێگەیاندنی فەریزەی حەجی ساڵی 2026 تۆمار کردووە، بەهۆی زۆریی خواستی هاووڵاتییانەوە، مەرجێکی نوێ زیاد کراوە کە هەر کەسێک پێشتر فەریزەی حەجی ئەنجام دابێت، ناوی ناچێتە نێو تیروپشکەکەوە، بەو هۆیەشەوە هەزاران ناو دەرهێنراون و دوورخراونەتەوە.
ئەوەشی خستەڕوو، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، بۆ یەکەمجار لە ڕێگەی بە ئەلیکترۆنیکردنی پرۆسەی ناو تۆمارکردن بۆ حەج، هاوکارییەکی باشی هاووڵاتیان کراوە و بارگرانییەکی زۆر کەمکراوەتەوە، چونکە لەم سیستەمەدا ناو تۆمارکردن بێبەرانبەرە، لە کاتێکدا پێشتر هەر کەسێک ناوی تۆمار بکردایە، دەبوایە بڕی 50 هەزار دینار بدات، کە دواتر ئەم بڕە کەمکرابووەوە بۆ 25 هەزار دینار.