مەلا بەختیار: گەورەترین دەستکەوت بۆ خەڵکی کوردستان لە دوای راپەڕین کارەبای 24 کاتژمێرییە

مەلا بەختیار نیگەرانی خۆی لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر راگەیاند و دەڵێ : گەورەترین دەستکەوت بۆ خەڵکی کوردستان لە دوای راپەڕین کارەبای 24 کاتژمێرییە، دەشڵێ:” نەیاران بەهێرشکردنە سەر کۆرمۆر دەیانەوێت پێشکەوتنەکانی کوردستان بووەستێنن

مەلا بەختیار، سیاسەتمەداری کوردستان لە پەیامێکدا لە بارەی هێرشکردنە سەر کێلگەی غازی کۆرمۆر، جەختی کردەوە، ئەو کێڵگەیە بووەتە سەرچاوەی سەرەکیی وزە و ڕووناکی بۆ هەرێمی کوردستان و پارێزگا هاوسنوورەکانیش، بۆیە دووبارەبوونەوەی هێرشەکان بە دەستدرێژییەکی ئاشکرا بۆ سەر ژیانی خەڵک ئەژمار دەکرێت.

دەشڵێت، دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری وەک گەورەترین دەستکەوتی خزمەتگوزاریی دوای راپەڕین سەیر دەکرێت، هەربۆیە نەیاران بە مەبەست دەیانەوێت لە ڕێگەی لێدان لەو پرۆژە ستراتیژییەوە، تۆڵە لە پێشکەوتن و خزمەتگوزارییەکان بکەنەوە و شادەماری ئابووری و ئاسوودەیی هاوڵاتیان بپچڕێنن.

ئاماژەی بەوەش داوە کە جێگەی سەرسوڕمانە دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر زنجیرەیەک لەم جۆرە هێرشانەدا، هێشتا بکەرانی ئەو تاوانانە دەستگیر نەکراون و ڕووبەڕووی دادگا نەکراونەتەوە، کە ئەمەش وەک هۆکارێکی سەرەکی دەبینرێت بۆ ئەوەی تاوانباران بێباکانە بەردەوام بن لە پەلامارەکانیان.

Back to top button