
مارک ساڤایا: عێراق لە نێوان سەروەریی یاسا و پارچەپارچەبووندایە
نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق دەڵێ؛ پێویستە پرۆسەی داماڵینی چەک لە عێراق بە شێوەیەکی هەمەلایەنە و بێگەڕانەوە بێت، عێراق لە نێوان سەروەریی یاسا و پاپارچەپارچەبووندایە.
مارک ساڤایا، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی:” ڕاپۆرتەکان سەبارەت بە هەنگاوی گرووپە چەکدارەکانی عێراق بەرەو داماڵینی چەک وەک پێشهاتێکی ئەرێنی و هاندەر دەبینرێن کە گوزارشت لە وەڵامدانەوەیەکی ڕاستەقینە دەکات بۆ بانگەواز و خواستە لەمێژینەکانی مەرجەعیەتی باڵا و دەسەڵاتە ئایینییەکان. ئەم هەنگاوە نیشانەی دانایی و سەرکردایەتییەکی ئەخلاقییە کە هەمیشە وەک کۆمەڵە و ڕێپیشاندەرێک بوون بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی گەلی عێراق.
دەشڵێ:” بە تەنیا لێدوان و دەربڕینی مەبەست بۆ ئەم مەبەستە بەس نییە و پێویستە پرۆسەی داماڵینی چەک بە شێوەیەکی هەمەلایەنە و بێگەڕانەوە بێت. ئەم هەنگاوە دەبێت لە چوارچێوەی پلانێکی نیشتمانیی پابەندکەردا بێت کە هەڵوەشاندنەوەی تەواوەتی گرووپە چەکدارەکان و دابینکردنی ڕێگەی یاسایی بۆ گواستنەوەی ئەندامەکانیان بۆ ناو ژیانی مەدەنی مسۆگەر بکات.
بەگوێرەی بنەماکانی دەستووری عێراق و دەوڵەتی یاسا هیچ لایەن و رێکخراو و تاکێکی سیاسی مافی خاوەندارێتی یان بەڕێوەبردنی پێکهاتەی چەکداری لەدەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت نییە. ئەم پرەنسیپە دەبێت بە یەکسانی و بەبێ جیاوازی لە سەرانسەری عێراقدا جێبەجێ بکرێت چونکە دەسەڵاتی هەڵگرتنی چە.ک و بەکارهێنانی هێز تەنیا لە تایبەتمەندی دامەزراوە فیدراڵی و ناوچەییە شەرعییەکانە کە ئەرکی پاراستنی سەروەریی نیشتمانی و گەلی عێراقیان پێ سپێردراوە.
باسی لەوەشکردووە:” عێراق ئەمڕۆ لەبەردەم قۆناغێکی یەکلاکەرەوەدا وەستاوە و دوو بژاردەی لەبەردەمدایە کە یەکەمیان هەنگاونانە بەرەو سەروەری و سەقامگیری و یەکڕیزی و بژاردەی دووەمیش مانەوەیە لە بازنەی پارچەپارچەبوون و نائەمنیدا. تەنیا لە ڕێگەی سەروەریی یاساوە دەتوانرێت ڕێگری لە گرووپە نایاساییەکان بکرێت کە سەرچاوە نیشتمانییەکان بۆ بەرژەوەندی کەسی و ئەجێندای دەرەکی دەقۆزنەوە و دەسەڵاتی دەوڵەت تێکدەدەن.