پڕۆژەیەكی دروستكردنی ئاوەڕۆ و كۆنكرێتكردنی شەقام لە قەزای بنەسڵاوە كەوتە بواری جێبەجێكردن

بەمەبەستی ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی لافاو و ڕێگریكردن لە پەنگخواردنەوەی ئاوی زیادەی باران، لە قەزای بنەسڵاوە پڕۆژەیەكی ئاوەڕۆی لوولەیی و كۆنكرێتكردنی شەقام كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەو پڕۆژەیە لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوەیە و لە چوارچێوەی بودجەی فریاگوزاریی خێرای بەرەنگاربوونەوەی لافاوە لە پارێزگەی هەولێر كە بە سەرپەرشتیی تیمەكانی شارەوانی جێبەجێ دەكرێت و ژمارەیەكی زۆری ماڵەكانی سنوورەكە لێی سوودمەند دەبن.

پڕۆژەكە ئاوەڕۆیەكی لوولەیی کۆنکرێتی شیشدارە بە تیرەی 60 سم بە درێژایی 200 م و بۆریی پۆلی ئەسیلین تیرەی 40سم بە درێژایی 140م و شەش مەنهۆڵ بە پێوانەی (1.2×1.2)م كە بەمەبەستی کەمکردنەوەی مەترسیی لافاو و چارەسەرکردنی گرفتی پەنگخواردنەوەی ئاو دروست دەكرێت. هاوكات پڕۆژەی کۆنکرێتکردنی شەقام لە سنووری شارەوانییەكە جێبەجێ دەكرێت.

بەپێی ئامارەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوە لە ساڵی ڕابردوودا (2025) ژمارەیەك پڕۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری لە قەزای بنەسڵاوە لەلایەن سەرۆكایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوە بەگوژمەی 1 ملیار و 831 ملیۆن دینار جێبەجێ كراون.

پڕۆژەكانی ساڵی 2025 لە قەزای بنەسڵاوە:

1-پڕۆژەی دروستکردنی سایدێک و نۆژەکردنەوەی سایدی دووەم لە نزیك سەنتەری لاوان، بازاڕی سەرەکیی بنەسڵاوە، بەگوژمەی (1،680،000،000) یەک ملیار و شەش سەد و هەشتا ملیۆن دینار.

2-دروستکردنی شەقام لە شوێنە بازرگانییەکان، قۆناغی یەکەم، بەگوژمەی (87،000،000)هەشتاو حەوت ملیۆن دینار.

3-دانانی سەرەبلۆک بۆ بەشێك لە زەوییەکانی گەڕەكی گەڕەسۆر، بەگوژمەی (15،000،000) پازدە ملیۆن دینار.

4-کۆنکریتکردنی شەقام لە چەند گەڕەكێكی قەزای بنەسڵاوە، بەگوژمەی (15،000،000) پازدە ملیۆن دینار.

5-چاندنی دار و سەوزکردنی دوورگە ناوەندییەکان، بەگوژمەی (17،000،000) حەڤدە ملیۆن دینار.

6-دروستکردنی (I love bnaslawa)و دانانی ئاڵای کوردستان و سەوزکردنی چواردەوری، بەگوژمەی (7،000،000)حەوت ملیۆن دینار، بەمەبەستی جوانكاری بۆ سیمای شارەوانییەكە.

7-پرۆسەی خاوێنکردنەوەی سەرجەم ڕێڕەوە ئاوییەکان و نۆژەنکردنەوەی ئاوەڕۆکانی سنووری شارەوانیی بنەسڵاوە لە زیادکردنی عبارە و نۆژەنکردنەوەیان، بەگوژمەی (10،000،000)دە ملیۆن دینار، وەك ئامادەكاری بۆ وەرزی زستان و بەرگەگرتن لە مەترسیی لافاو.

8-کاری ڕێکخستەوە و کردنەوەی بەشیک لە شەقامەکان بە هاوکاریی تیمی ئامێرەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی هەولێر.

9-چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بەشێک لەو شەقامانەی کە پێشتر قیرتاوکراون و پێویستیان نۆژەنكردنەوە هەبووە.

10-دابەشکردنی 4937 پارژە زەوی لە قۆناغی یەكەم، بەسەر فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی بنەسڵاوە.

Back to top button