
وەڵامی تۆمەتەکانی کنانی لەبارەی نەوتی کوردستان درایەوە
پەرلەمانتارێکی کورد لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وەڵامی قسەکانی عەدنان ئەلکنانی ڕایدەگەیێنێت : ئەو لێدوانەی کنانی سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیسرائیل ئیدیعایەکی تەواو بێ بنەما و دوور لە ڕاستییە.
سیپان شێروانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند:” عەدنان ئەلکنانی هەندێک جار وەک نووسەرێک و هەندێک جار وەک شارەزایەک و هەندێک جار وەک شرۆڤەکاری سیاسی دەردەکەوێت. ئەم هەموو لەقەب و عنوانە ئاماژە نییە بۆ زانین، بەڵکو ئاماژەیە بۆ کەمی زانیاری و هەوڵدان بۆ پەردەپۆشکردنی قسە بێ بنەماکانیەتی.
ڕاشیگەیاند:” ئەو لێدوانەی کنانی سەبارەت بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ ئیسرائیل ئیدیعایەکی تەواو بێ بنەما و دوور لە ڕاستییە.
لە وەڵامەکە هەروەها دەشڵێت:” ڕاستی دیارە بە بەڵگەوە کە نەوتی کوردستان بە ڕێککەوتنی فەرمی ڕوون لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکان، هەناردە دەکرێت و بەتایبەتی لە ڕێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراقی (سۆمۆ)ەوە دەخرێتە بازاڕەوە کە سەر بە وەزارەتی نەوتی عێراقە.
دەشڵێ:” ئەم تۆمەتە نەک هەر زیان بە کوردستان دەگەیەنێت بەڵکو خودی سۆمۆ و وەزارەتی نەوتی عێراقیش تۆمەتبار دەكات بە مامەڵەکردن لەگەڵ ئیسرائیل، ئەمە تۆمەتێکی بێ بنەمایە کە هیچ بەڵگەیەک بوونی نییە و لە سنووری بیرورا تێدەپەڕێت بۆ سنووری زانیاری هەڵە و هاندان.
باسی لەوەشکردووە:” ئەم لێدوانە نە خزمەت بە ڕاستی دەکات و نە خزمەتی عێراق. بەڵکو تۆی تائیفی زیندوو دەکاتەوە و ڕای گشتی بەلاڕێدا دەبات و پرسێکی گەورەی عێراق دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی میدیایی هەرزان.
لە کۆتاییشدا سیپان شێروانی داوا دەکات،” وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ ڕێکاری یاسایی ڕوون و چارەنووسساز سەبارەت بەم تۆمەتانە بگرنەبەر، بۆ بەرگریکردن لە ڕاستی و پاراستنی دامودەزگاکانی وڵات لە شێواندنی بە ئامانج.