
بۆ ماوەی 15 ڕۆژ؛ ئاگربەست لەنێوان دیمەشق و هەسەدە درێژ کرایەوە
لە هەنگاوێکی نوێدا بۆ هێورکردنەوەی بارودۆخی مەیدانی، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و وەزارەتی بەرگریی سووریا، بە جیا ڕایانگیاند کە لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست بۆ ١٥ ڕۆژی دیکە ڕێککەوتوون.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەم بڕیارە بە نێوەندگیرییەکی نێودەوڵەتی و هاوکات لەگەڵ بەردەوامیی گفتوگۆکانی نێوان هەسەدە و دیمەشق هاتووەتە ئاراوە. هەسەدە جەختی لە پابەندبوونی خۆی بە ئاگربەستەکە کردووەتەوە بە ئامانجی کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی سەقامگیری و گیانی مەدەنییەکان.
لەلایەکی دیکەوە، وەزارەتی بەرگریی سووریا ئاشکرای کرد کە بڕیاری ڕاگرتنی شەڕ لە سەرجەم میحوەرەکاندا لە کاتژمێر ١١ـی ئەمشەوەوە دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە. وەزارەتی بەرگریی سووریا هۆکارێکی سەرەکیی ئەم درێژکردنەوەیەی بۆ پرۆسەیەکی هەستیار گەڕاندەوە و ڕایگەیاند: “ئەم بڕیارە بۆ کارئاسانییە لەو ئۆپەراسیۆنەی هێزەکانی ئەمریکا ئەنجامی دەدەن، کە تێیدا زیندانیانی داعش لە زیندانەکانی هەسەدەوە بۆ ناو خاکی عێراق دەگوازرێنەوە.”
ئەم درێژکردنەوەیەی ئاگربەست لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریی نوێدایە و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی لەنێوان لایەنەکاندا بەردەوامییان هەیە.