ڕێککەوتنی هەسەدە و حکومەتی سووریا بڵاو کرایەوە 

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، دەقی ڕێککەوتننامە گشتگیرەکەی لەگەڵ حکومەتی سووریا بڵاوکردەوە، کە تێیدا کۆتاییهێنان بە شەڕ و پڕۆسەی یەکگرتنی تەواوەتی هێزە سەربازی و دامەزراوە ئیدارییەکان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا ڕاگەیەندرا.

بەپێی دەقی ڕێککەوتنەکە، هەردوولا پابەند دەبن بە ڕاگرتنی تەواوەتیی شەڕو کشانەوەی هێزە سەربازییەکان لە خاڵەکانی بەریەککەوتن.

لە ڕووی ئەمنییەوە، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا دەچنە ناو سەنتەری شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ و پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکان (ئاسایش) لە ناوچەکەدا دەست پێ دەکات.

لە ڕووی سەربازییەوە، بڕیار لە پێکهێنانی فیرقەیەکی سەربازیی نوێ کە لە 3 لیوای هێزەکانی سووریای دیموکرات پێکدێت، لەگەڵ پێکهێنانی لیوایەکی تایبەت بۆ هێزەکانی کۆبانێ لە ناو فیرقەیەکی سەر بە پارێزگای حەلەب دراوە.

ڕێککەوتننامەکە لایەنی ئیداری و مەدەنیشی گرتووەتەوە، بە جۆرێک کە سەرجەم دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەخرێنە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سووریا و فەرمانبەرە مەدەنییەکان لە کارەکانیان جێگیر دەکرێن.

خاڵێکی هەرە گرنگی ڕێککەوتنەکە بریتیە لە چارەسەرکردنی مافە مەدەنی و پەروەردەییەکانی گەلی کورد و دابینکردنی گەرەنتی بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان، ئەم هەنگاوانە ئامانج لێیان یەکخستنی تەواوەتی سووریا و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەیە لە ڕێگەی هاوکاریی نێوان هەموو لایەنەکانەوە.

Back to top button