
سەرۆک بارزانی: لە یادی 11ی ئاداردا، جەخت لە پاراستنی دەستکەوتەکان و پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان دەکەینەوە
سەرۆک مەسعود بارزانی، لە یادی پەنجا و شەش ساڵەی ڕێککەوتننامەی یازدەی ئاداردا، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر گرنگیی ئەو دەستکەوتە مێژووییە و پێویستیی پاراستنی مافە دەستەبەرکراوەکانی گەلی کوردستان کردەوە.
سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوە کرد، کە ڕێکكەوتننامەی یازدەی ئادار بەرهەمی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بوو بە ڕابەرایەتیی “بارزانیی نەمر” و دەرەنجامی خەبات و قوربانیدانی پێشمەرگە و سەرجەم چینوتوێژەکانی کوردستان بوو. وتیشی: “ئەم ڕێککەوتننامەیە بەرهەمی ئەو خەباتە پتەو و سەرتاسەرییە بوو کە لەپێناو گەڕاندنەوەی مافەکانی گەلی کوردستان و بەدیهێنانی دیموکراسی لە عێراقدا دەستی پێکرد.”
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە کە خۆڕاگریی گەلی کوردستان و شۆڕشەکەی، حکومەتی ئەو کاتەی عێراقی ناچار کرد بە شێوەیەکی فەرمی دان بە بەشێک لە مافەکانی گەلەکەماندا بنێت، کە ئەوەش وەرچەرخانێکی مێژوویی بوو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا.
سەرۆک بارزانی پێزانیی خۆی بۆ تێکۆشان و ماندووبوونی پێشمەرگە و نیشتمانپەروەرانی شۆڕشی ئەیلوول دەربڕی و ڕایگەیاند: “لەو یادەدا جەخت لە پاراستنی دەستکەوتەکان و پەیامی ئاشتیخوازانە و پێکەوەژیانی گەلی کوردستان دەکەینەوە.”
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، سەرۆک بارزانی سڵاوی بۆ ڕۆحی شەهیدانی شۆڕشی ئەیلوول و سەرجەم شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی کوردستان نارد.