مەسرور بارزانی : بڕیارمان دا کە لە زووترین کات دا، رێگە بدەین نەوت لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستاندا هەناردە بکرێت

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا ڕایگەیاند: لە پێناو هەستکردن بە بەرپرسیارێتیی نیشتمانی، بڕیاریان داوە لە زووترین کاتدا رێگە بە دەستپێکردنی هەناردەی نەوت بدەن لە رێگەی بۆڕیی هەرێمی کوردستانەوە.

هاوکات جەختی لە بەردەوامیی گفتوگۆکان لەگەڵ بەغدا کردەوە بۆ هەڵگرتنی رێگریی بازرگانییەکان و پاراستنی سەلامەتیی کۆمپانیاکانی بواری نەوت و گاز.

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردەوە، لە پەیامەکەی هاتووە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو بارودۆخە نائاساییەی کە رووبەڕووی وڵات بووەتەوە و ئەو بەرپرسیارێتییەی کە ئەرکی هەموومانە کار بکەین بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە، بڕیارمان دا کە لە زووترین کات دا، رێگە بدەین نەوت لە رێگەی بۆریی هەرێمی کوردستاندا هەناردە بکرێت.

مەسرور بارزانی، دەشڵێت: لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ گفتوگۆکانمان بەردەوام دەبن، بۆ ئەوەی بە پەلە ئەو رێگرییانەی خراوەتە سەر هاوردە و جووڵەی بازرگانی لە هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێن، هەروەها دابینکردنی گەرەنتی بۆ کۆمپانیاکانی نەوت و گاز تا بتوانن بە سەلامەتی دەست بە بەرهەمهێنان بکەنەوە.

لە کۆتایی پەیامەکەدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوپاس و پێزانینی بۆ رۆڵ و پاڵپشتیی هاوبەشە ئەمریکییەکان لە پرۆسەکەدا دەربڕی.

Back to top button