شایستە داراییەکانی 2015ـی جووتیاران دابەش دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتی سایلۆی هەولێر ئاگادارییەکی ئاڕاستەی ئەو جووتیارانە دەکات کە تاوەکو ئێستا بەشێک لە پارە و شایستە داراییەکانی ساڵی 2015یان لە سایلۆکەدا ماوە و ڕایدەگەیەنێت، پڕۆسەی دابەشکردنی چەکی بانک دەستپێدەکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سایلۆی هەولێر هاتووە، بڕیارە سبەی سێشەممە، 2ـی حوزەیرانی 2026، کاتژمێر 9ـی سەرلەبەیانی، پرۆسەی دابەشکردنی چەک بەسەر جووتیارەکان دەستپێبکات، داواشی لەو جووتیارانە کرد لە کات و رێکەوتی دیاریکراودا سەردانی سایلۆی هەولێر بکەن بە مەبەستی وەرگرتنی چەکی پارەکانیان، کە دواتر لە رێگەی بانکی بازرگانیی عێراق (TBI)ـەوە خەرج دەکرێت.

هەروەها سایلۆی هەولێر چەند مەرج و رێنماییەکی پێویستی بۆ وەرگرتنی چەکەکان دیاریکردووە ڕایگەیاندووە، “پێویستە ئەو کەسەی چەکەکەی بەناوەوەیە خۆی بەشێوەی مەیدانی ئامادەبێت، هەروەها ئەگەر خاوەن چەک خۆی ئامادە نەبوو، دەبێت بریکارەکەی بریکارنامەیەکی پەسەندکراوی فەرمی (وەکالەت)ی ئەمساڵی (2026) پێبێت.

لەبارەی کەسوکاری کۆچکردووان ڕوونیکردەوە، ئەگەر خاوەنی چەکەکە وەفاتی کردبێت، پێویستە دابەشنامەی شەرعی یان یاسایی (قەسام شەرعی) لەگەڵ بریکارنامەی گشتیی سەرجەم وارسەکان بریکارنامەی ئەمساڵ پێشکەش بکرێت بۆ وەرگرتنی چەکەکە.

Back to top button