
لە هەولێر زەوی بۆ 9 پڕۆژەی گرنگ تەرخانکرا و کێشەی 35 کارگە چارەسەرکرا
پارێزگای هەولێر بڵاویکردەوە:” ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 2026.6.29، بە سەرپەرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بە ئامادەبوونی هێمن قادر، جێگری پارێزگار و ئەندامانی دیکەی لێژنەکە، کۆبوونەوەی “لێژنەی گەشەپێدان و پشتگیری پڕۆژە پیشەسازییەکان” لە دیوانی پارێزگا ئەنجامدرا، کە تێیدا ڕەزامەندی لەسەر ( 9 ) پڕۆژەی وەبەرهێنان درا و زەوییان بۆ تەرخانکرا، هاوکار چارەسەری پێویستی کێشەی زیاتر لە ( 35 ) کارگەش کرا.
ئەم کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و ڕەخساندنی هەلی کار لە سنووری پارێزگای هەولێر بەڕێوەچوو. لە کۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر هەوڵە بەردەوامەکانی ئیدارەی پارێزگای هەولێر بۆ جێبەجێکردنی پلانە ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرنامەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پێناو بووژاندنەوەی بازاڕی ناوخۆیی، و جەخت لە پاڵپشتیکردنی کارگەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمی ناوخۆیی و دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی ئارام و لەبار بۆ وەبەرهێنەران و ڕاکێشانی سەرمایەی دەرەکی بۆ هەولێری پایتەخت کرایەوە.
پاشان پێداچوونەوە بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی پێشوو کرا و گفتوگۆ دەربارەی دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ ئەو گرفت و ئاستەنگانەی دێنە بەردەم پڕۆژە پیشەسازییە (گەورە، مامناوەند، قورسەکان) کرا، بە جۆرێک کە لەگەڵ یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکاندا بگونجێن، لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر جەختی لە هەماهەنگیی زیاتری نێوان سەرجەم فەرمانگە و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردەوە.
لە بەشێکی تری کۆبوونەوەکەدا، دوای هەڵسەنگاندنی وردی کار و بەرهەم و ئامانجی ئەو پڕۆژانەی داوای زەوییان کردبوو، بڕیاری پێویست درا و ( 9 ) پڕۆژەی پێشکەشکراوی وەبەرهێنان ڕەزامەندیان لەسەر درا و زەویان بۆ تەرخانکرا، هەروەها کێشەی زیاتر لە ( 35 ) کارگەش کە کێشەی زەوی و گرێبەست و ڕایکردنی کاروباری کارگێڕیی و یاساییان هەبوو چارەسەرکرا.