
تیمی پارێزەرانی برازاکانی جەلال تاڵەبانی : مەترسی لەسەر گیانی گیراوان هەیە
کەمێک پێش ئێستا، تیمی پارێزەرانی برازاکانی جەلال تاڵەبانی، کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیان کرد و، داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکەن بێنە سەرخەت و بێدەنگی بشکێنن بۆ پاراستنی یاسا.
ئاماژەیان بەوەشدا، نزیکەی 11 مانگە دۆسیەی گیراوانی لالەزار بەبێ چوارچێوەیەکی یاسایی لەلایەن هێزێکی حزبییەوە دەستگیرکراون و وەک بارمتەی سیاسیی ڕاگیراون.
باسیان لەوەشکرد، بەهۆی ئەشکەنجەدانی نامرۆڤانەی جەستەیی و دەروونی، تەندروستیی ئەو زیندانییانە لە دۆخێکی خراپ و مەترسیدار دایە، ئەمەش پێشێکی سەرجەم پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان و دەستووری عێراق و یاسایی دادگای تاوانەکانە.
راشیانگەیاند، 12 جارە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بەفەرمی داوای دۆسیەی لاهور و هاوڕێکانی کردووە، بەڵام دادگای سلێمانی تا ئێستا ئامادە نییە کار بەو نووسراوانە بکات، ئەمەش بێڕێزیی کردنە بە دادگای پێداچوونەوە و بنەماکانی پلەبەندنی دادی.
ئاماژەیان بەوەشدا، جێهێشتنی دادگای پێداچوونەوە لەلایەن دادوەرانی سەر زۆنی سەوز، پرسیارێکی گەورە لەسەر شوناسی ئەوان دروست دەکات، کە ئایا ئەوان پابەندی بڕیاری لایەنێکی سیاسیی دەبن یان بەئەرکی دادوەری خۆیان هەڵدەستن، لەکاتێکدا بەپێی ماددەی 35 لە یاسای دەسەڵاتی دادوەری هەرێمی کوردستان بە ژمارە 23ـی ساڵی 2007 دادوەر دەبێت بێ لایەن بێت و کاری حزبی نەکات و پارێزەری شکۆمەندی یاسا بن.