تیمێكی پسپۆڕی نێوده‌وڵه‌تی بزانە بەتەمانە چی بۆ كوردستان بكەن

خواكوڕك 

بەپێی راگەیاندراوێك كە مالپەری سەرۆكایەتی حكومەتی كوردستان بڵاوی كردۆتەوە، ئەمرۆ یەكشەممە، 7ی 5ی 2017 تێمێكی پسپۆڕ له‌ هه‌ریه‌ك له‌ وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگریی وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا و ئه‌ڵمانیا، لەگەڵ سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبونەوە، لەبارەی چاكشازی و رێكخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، كە بەهەنگاوێكی گرینگ و ستانداردی سەربازی نێودەوڵەتی لەقەڵم دەدات”.

وەك لە هەواڵەكەی ماڵپەری سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران دا بڵاو كراوەتەوە، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به‌ ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ و به‌رپرسانی سه‌ربازییی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، ئه‌و تیمه‌ ڕاوێژكارییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌ كاری هاوبه‌شی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ خسته‌ ڕوو كه‌ خۆی له‌ سی و پێنج خاڵ ده‌بینێته‌وه‌ و‌ ئامانج لێیان دروستكردنی هێزێكی سه‌ربازیی تۆكمه‌ی پیشه‌یییه‌ بۆ پێشمه‌رگه‌ له‌ ئاینده‌دا.

لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكه‌ش به‌ وڵاتانی هاوپه‌یمان كرد بۆ هاوكارییه‌ به‌رده‌وامه‌كانیان له‌ ڕابردوو و ئێستادا. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش‌ دا كه‌ له‌ دوای ساڵی 2003وه‌ هه‌رێمی كوردستان زیاتر پێداگری له‌سه‌ر ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌، نه‌ك دروستكردنی هێزێكی سه‌ربازی و چاوه‌ڕوان ده‌كرا گه‌ر هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه‌ك له‌سه‌ر عیراق هه‌بێت، حكوومه‌تی فیدرال به‌رپرسه‌ بۆ پاراستنی وڵات به‌گشتی، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هێرش و هه‌ڕه‌شه‌كانی تیرۆرستانی داعش، به‌داخه‌وه‌ هه‌موو بارودۆخه‌كه‌ و هاوسه‌نگییه‌كان گۆڕان، بۆیه‌ ده‌بێت ئێمه‌ بیر له‌وه‌ بكه‌ینه‌وه‌ هێزێكی تۆكمه‌ و پرۆفیشناڵی سه‌ربازی بۆ پێشمه‌رگه‌ دابمه‌زرێنین.

دووپاتیشی كرده‌وه‌ كه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌كات و له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیراندا پڕۆژه‌كه‌ ده‌خرێته‌ به‌ر باس و گفتوگۆ، تا دواتر په‌سه‌ند بكرێت. دواتریش پڕۆژه‌كه‌ بۆ به‌ڕێز سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان به‌ مه‌به‌ستی ده‌ركردنی فه‌رمانی پێویست، ڕه‌وانه‌ ده‌كرێت.

Back to top button