فەرەنسا بۆ بەرەو پێشبردنی پەیوەندیەكانی لەگەڵ هەرێم لە بواری ئابووری 16 كۆمپانیا دەنێرێتە كوردستان
خواكوڕك
لەماوەی سەرۆكایەتی ئۆلاند ئاستی پەیوەندیەكانی هەرێمی كوردستان و وڵاتی فەرەنسا پێشڤەچوونی بەرچاوی بە خۆیەوە بینی بە تایبەت دوای هاوكاریە سەربازیەكانی فەرەنسا بۆ كوردستان, ئێستا فەرەنسا دەیەوێت وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بكات بۆ ئەو مەبەستە نوێنەری ١٦ كۆمپانیای جۆربەجۆری ئەو وڵاتە ئێستا لە هەرێمی كوردستانن.
ڕۆژی چوارشەممە بە ئامادەبوونی دۆمەنیك ماس سەركونسوڵی فەڕەنسا لە هەولێر، كۆمپانیا فەڕەنسییەكان و یەكێتیی ژوورە بازرگانییەكانی هەرێم كۆبوونەوە تا چۆنێتی بەشداریكردنی ئەو كۆمپانیایانە لە هەرێم تاوتوێ بكەن.
پێشتر بازرگان و سەرمایەدارانی فەڕەنسا چەندجارێك سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە، دوای سەردانی ئەم شاندە وابڕیارە لە داهاتوودا شاندێكی كۆمپانیا و بازرگانەكانی هەرێم سەردانی ئەو وڵاتە بكەن.
بەرپرسانی دەستەی وەبەرهێنان كە بەشدارییان كردبوو لە دیدارەكانی كۆمپانیا فەڕەنسییەكان و ژوورە بازرگانییەكانی هەرێم، لەو باوەڕەدان هاوكارییە سیاسی و سەربازییەكانی ئێستای فەرەنسا بۆ هەرێم، هاوكارێكی باش دەبێ بۆ پێشخستنی پەیوەندییە ئابووریی و بازرگانییەكانیش.
ئەو كۆمپانیا فەرەنسیانەی نوێنەریان لە هەرێمە، زۆربەیان لە بواری وەبەرهێناندا كاردەكەن و ئامانجیانە لەو ناوچانە سەرمایەگوزاریی بكەن كە بەهۆی شەڕی داعشەوە زیانی زۆریان بەركەوتووە.