هۆزی جبوور: زۆرێك لە وڵاتە عەرەبییەكان پشتیوانیی لە درووستبوونی دەوڵەتی كوردستان دەكەن

خواكوڕك

دوای سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ شانشینی ئوردن, سەرۆكی هۆزی جبوور سەردانەكەی بارزانی بە گرنگ وەسفدەكات و دەلێت” لە ئێستادا بەشێكی زۆر لە وڵاتە عەرەبییەكان پشتیوانیی لە سەربەخۆیی كوردستان دەكەن”

شێخ ئەبو حاتەم جبووری، لە سەرۆك هۆزەكانی جبوور، لە بارەی سەردانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ شانشینی ئوردن و پێشوازیكردنی لەلایەن شا عەبدوڵاوە، ڕای دەگەیەنێت :” پیرۆزبایی و هیوای سەركەوتن بۆ سەرۆكی هەرێمی دەخوازین لەو گەشتەیدا بۆ شانشینی ئوردن، كە ئێمە بە سەردانێكی گرنگی دەزانین بەتایبەت لەم ساتەوەختەدا كە گۆڕانكاری سیاسی و ئابووری لەناوچەكەدا بەدی دەكرێت”.
جەختیشیكردەوە، كە سەردانەكەی مەسعود بارزانی، بۆ شانشینی ئوردن، سەردانێكی مێژووییە و پەیوەندی دۆستایەتی نێوان شانشینی ئوردن و هەرێمی كوردستان دەسەلمێنَت كە لە كۆتاییدا لەبەرژەوەندی هەردوولادا دەبێت.
جەختیشیكردەوە، وەك هۆزی جبوور و عەشیرەتی كزات لە كەركووك پشتیوانیی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەین لەو جۆرە سەردانانە كە جگە لە ئامانجە ڕاگەیاندراوەكانی، بێگومان ئامانجی شەڕی تیرۆر یەكێكە لە تەوەرەكان.
ئاشكراشیكرد، كە بەپێی زانیارییەكانیان، زۆرێك لە وڵاتە عەرەبییەكان پشتیوانیی لە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان و پرۆژەی ڕیفراندۆم لەهەرێمی كوردستان دەكەن.

Back to top button