سەركردەیەكی بزووتنەوەی ئیسلامی: مالیكی ناتوانێ دژایەتی سەربەخۆی كوردستان بكات
خواكوڕك
دوای ئەوەی دوێنێ لە چاو پێكەوتنێكی میدیای نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق دژ بە ریفراندۆم و سەربەخۆی كوۆدستان هاتە گۆ, سەركردەیەكی باڵای بزووتنەوەی ئیسلامی، ئاماژە بەوە دەدات كە نووری مالیكی لەوكاتەوەی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، ھەمیشە دژایەتی گەلی كوردی كردووە، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكان بە یەكڕیزی خۆیان مالیكی دەمكوت بكەن.
عەبدولڵا وەرتێ، كارگێری مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان, ڕاگەیاند: “نووری مالیكی سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، لەوكاتەوە جڵەوی دەسەڵاتی بەدەستەوەیە، بەئاشكرا لە ھەڵوێستەكانی دژایەتی خەڵكی كوردستانی كردووە، ئەوەش دەلالەت لەوە دەكات، ھەندێك كەسایەتی و لایەن لە ناوچەكەدا ھەیە، دژایەتی دۆخی سیاسی و ئەزموونی ھەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیە باشترە ھێز و لایەنە سیاسییەكان لەو حاڵەتانەدا زیاتر ھۆشیاربن، چونكە پێویستیان بە یەكڕیزی و ھەماھەنگی زیاترە”.
ئەو كارگێرەی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی، ئەوەشی خستەڕوو: “بۆ ئەوەی مالیكی و ھاوشێوەكانی دەمكوت بكرێن، پێویستە تەواوی ھێز و لایەنە سیاسییەكان، ناكۆكییەكانی خۆیان وەلا بنێن، چونكە ھەموو یەكڕیزییەك لەبەرژەوەندی گەلی كوردستاندایە، دواجار ھیچ كەسێك جورئەتی ئەوەی نابێت، ھێرش بكاتە سەر ھەرێمی كوردستان و پەلاماری خەڵكی كوردستان بدات”.
ئەوەشی روون كردەوە: “نەك مالیكی، بەڵكو باپیری مالیكیش ناتوانێت دژایەتی سەربەخۆی كوردستان بكات، بەڵام بەو مەرجەی ئێمە ھەموومان لەناو خۆماندا ھاو ھەڵوێست بین”.
شایەنی بیرخستنەوەیە, نووری مالیكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەكی لوبنانی، ھێرشی كردبوە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، بەڵام ھەر زوو لەلایەن سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستانەوە، بەتوندی وەڵام درایەوە.