یەكگرتوو: باشترین ڕێگا لە بەردەم هەرێمی كوردستان جیابوونەوەیە لە عێراق

خواكوڕك

دوای ئەوەی دوێنی نوری مالیكی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق, لە لێدوانێكیی میدیایی هەڕەشەی لە هەرێمی كوردستانكرد لە بەرامبەر ئەو هەنگاوانەی هەڵی ناون بەتایبەت پرسی ریفراندۆم و سەربەۆخیی كوردستان لە وەڵامدا, سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان، ڕایگەیاند، هەڕەشەكانی نووری مالیكی و هاوشێوەكانی بۆ سەر گەلی كورد هێز و لایەنە سیاسیەكانی كوردستان لە سەربەخۆی سارد ناكاتەوە. گوتیشی، مالیكی شۆڤێنییە هیچ كات دۆستی كورد نەبووە.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان، لەلێدوانێكی میدیایدا ڕایگەیاند :” هەڕەشەكانی نووری مالیكی هیچ گرنگییەكی بۆ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان، نییە، چونكە بەدرێژای دەیان ساڵی ڕابردوو حكوومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق هەموو جۆرە شێوازێكی دڕندەییان بۆ نەهێشتنی ئیرادەی میلەتەكەمان، تاقی كردووەتەوە”.

گوتیشی :” بۆئەوەی بەگژ هەموو هەڕەشەیەكی دەرەكی بچینەوە، باشتر وایە هەموو هێز و لایەنە سیاسیەكان نێوانی خۆمان بەهێز بكەین، بۆ ئەوەی بتوانین بە ئاسانی ڕووبەڕووی هەڕەشەكانی مالیكی و هاوشێوەی بوەستینەوە، چونكە پێمانوایە دوای شەڕی نەگریسی داعش مەترسییەكانی حەشدی شەعبی هیچی كەمتر نییە لە مەترسییەكانی داعش”.

ئەبو بەكر هەڵەدنی، ئاماژەی بەوەش دا، كە باشترین بژاردە لە بەردەم میلەتەكەماندا بەدیهێنانی خەونی جیابوونەوەیە لە عێراق، گوتیشی :” عەرەبی عێراق هەمووی شۆفێنیانە بیر دەكەنەوە، بە ئیسلامی و عەلمانی، بە شێعە و سوونەوە”.

جەختی كردەوە، كە مالیكی درێژكراوەی ئەو عەقڵییەتەیە كە لە عێراقدا هەیە، گوتیشی :” ناكرێت گەلی كورد هیچ متمانەیەك بە نووری مالكی بكات”.

نووری مالیكی، سەرۆكی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنامەیەكی لوبنانی، ھێرشی كردبووە سەر ھەرێمی كوردستان، بەڵام ھەر زوو لەلایەن سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستانەوە، بەتوندی وەڵام درایەوە.

Back to top button