مەنسوور بارزانی دواین ئاماری سەركەوتنی پێشمەرگە و زیانەكانی داعش ئاشكرا دەكات

خواكوڕك
هێزەکانی پێشمەرگە رۆژی یەکشەممە 14-8-2016 بەسەرۆکایەتی مەسعود بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنیکی فراوانیان بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی چەند گوندێک لە میحوەری گوێڕ و خازر دەستپێکرد. لە کاتژمێر 5:30 خولەکی بەرەبەیان لە ساتری پێشمەرگە کە دەکەوێتە نێوان گوندی کبرلی و خەبەت سوڵتان دەستی بە پێشڕەوی کرد.
له‌باره‌ی گرنگی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌وه‌ مه‌نسور بارزانی فه‌رمانده‌ی له‌شكری تایبه‌تی گوڵان به‌ رووداوی راگه‌یاند: خەڵکێکی زۆری ئێمە لە ناوچەکانی گوێڕ ، کەپران ، گامێش تەپە ، ئەبوشیتە و گعێتلی لەژێر بۆردوومانەکانی داعشدابوون، هاوەنەکانی داعش دەگەیشتە ئەو شوێنانە، خەڵکی ئەو ناوچانە بەهۆیەوە ئاوارەبوون، کە ئەمەش بارگرانییەک بوو بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام بە ئازادکردنی ئەو ناوچانە تیرۆریستانی داعش دوور دەکەونەوە، خەڵکی ئەو ناوچانەش دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
فه‌رمانده‌ی هێزی تایبه‌تی گوڵان ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردووه‌: راستە جەنابی سەۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی هەرێمی کوردستان لە کاژێر 4ی بەرەبەیانەوە تا ئێستا لەگەڵ فەرماندە عەزیز وەیسی و فەرماندەکانی دیکە پێشمەرگە لە پەیوەندیدابووە، راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەکات دژی تیرۆریستانی داعش، بە پێویستی دەزانم بڵێم ئەو هێرشە لەژێر فەرماندەیی جەنابی فەرماندە عەزیز وەیسی، فەرماندەی فەرماندەیی زێرەڤانی بووە. ئێمەش وەکو لەشکری تایبەتی گوڵان و دژە تیرۆری هەولێر لەژێر فەرماندەیی ئەواندا دەستمان بەو ئۆپەراسیۆنەکرد.
فەرماندەی لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان بە ئاماژەدان بەوەی خودا هاریکاری پێشمەرگەی کردووە لە سەرکەوتنەکان، گوتی: پێشڕەوییەکانی پێشمەرگە لە دوو میحوەرەوە دەستی پێکرد، یەکێکیان ئەو میحوەرەی باسم کرد، بێگومان هەموو جارێک خودا هاریکاری پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان بووە، کاتێکیش خودا هاریکاری پێشمەرگە بێت، هەموو جارێک سەرکەوتنمان بەدەستهێناوە، ئەمجارە شوکر بۆ رەحمی خودا، خودا هاریکاربوو لەسەر دەست و بازووی پێشمەرگە قارەمانەکان لە ماوەی 5 بۆ 6 کاژێر توانیان گوندەکانی قەرقەشە، تاخ، سەتیح، تەل حەمید و شەنەف کۆنترۆڵ بکەنەوە.
ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە پێیوایە “داعش وەکو هەموو جارێک، ناتوانێت رووبەڕوو بەرامبەر پێشمەرگە رابووەستێت، بەڵام ئەوشتانەی دەیکات، بریتین لە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و خۆکوژەکانیان. ئەمڕۆ بەچاوی خۆتان بینیتان چەند ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو هەوڵی ئەوەیاندا بێنە ناو هێزەکانی پێشمەرگە، بەڵام لەلایەن پێشمەرگە قارەمانەکانەوە تەقێندرانەوە.
فەرماندەی لەشکری تایبەتی گوڵان سەبارەت بە زیانەکانی داعش دەڵێت: ژمارەیەک چەکداری داعش لە گوندی شەنەف، هەندێکیان لەسەر مۆتۆرسکیل و هەندێکیش بەپێ دەهاتن، لەلایەن پێشمەرگەوە تەقەیان لێکرا، ئەوەی بەچاوی خۆمان بینیمان ژمارەیەکیان لێ کوژراو، بە گشتی زەرەرێکی زۆر بەر دووژمن کەوتووە. بەپێی زانیارییەکانی ئێمە، بە هاوکاری هاوپەیمانان و فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لەگەڵ پێشمەرگە قارەمانەکان تا ئێستا زیاتر لە 120 چەکداری داعش کوژراون، تەرمی بەشێک لە کوژراوەکانی داعش لە نێو گوندەکاندا جێماون و لەبەردەستی پێشمەرگەدان.
له‌باره‌ی به‌شداریكردنی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان مەنسوور بارزانی سوپاسی هاوپەیمانان دەکات و دەڵێت: هەر لە یەکەم رۆژەوە هاریکاری حکومەتی هەرێمی کوردستانیان کردووە، لە مانگی 8ی ساڵی 2014وە، لە راستیدا ئەوەی پێیانکراوە بۆ ئێمەیان کردووە، بۆ نموونە ئەوەی ئەمڕۆ بەچاوی خۆتان بینیتان، راستە پێشمەرگە قارەمانی زۆری نواند، بەڵام فڕۆکەکانی هاوپەیمان زۆر هاریکاربوون بۆ ئەوەی تیرۆریستانی داعش بکوژرێن، بۆیە سوپاسی هەموو ئەو وڵاتانەی هاوپەیمانی دەکەین کە لەگەڵ ئێمە بەشداربوونە.
له‌باره‌ی شه‌ڕی داهاتووی موسل ئه‌و فه‌رمانده‌یه‌ ده‌ڵێت: پردی گوێڕ لەلایەن داعشەوە تەقێنراوەتەوە، ئێستا خەریکی چاککردنەوەیەن، ئەگەر حکومەتی عێراق بیەوێت لەو رێگەیەوە بچێتە سەلامییە لەوێوە بۆ موسل، سوودێکی باش لەو پردە دەبینن بۆ داهاتوو بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، گرنگی ئەو پردەش لەوەیە پێدوایستییە لۆجستییەکان بۆ ئێمە ئاسانتر بێت. هه‌روه‌ها پێیوایه‌: سانایی شەڕی موسڵ دەوەستێتە سەر ئەو هێزانە لە پرۆسەی ئازادی موسڵ بەشدار دەبن، هەندێک هێز هەیە ئەگەر بەشدار ببن، بێگومان گرتنی شاری موسڵ گەلێک ئەستەم دەبێت، بەڵام ئەگەر ئەو هێزە بەشدار نەبێت، ناڵێم سانا دەبێت، بەڵام بەوجۆرە سەخت نابێت، کە بەخۆیان کێشەی مەزهەبیان لەنێودا هەیە.
سه‌باره‌ت بە بەشداریی پێشمەرگە لە شەڕی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، فەرماندەی لەشکری گوڵان، دەڵێت: سیاسییەکانی ئێمە دەبێت ئەوە بزانن حکومەتی عێراق چی بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، چونکە ئێمە چاومان لە خاکی عێراق نییە، چاومان لە خاکی عەرەبان نییە، ئێمە تەنیا دەمانەوێت خاکی کوردستان رزگار بکەین، ئەگەر ئەوانیش داوای هاریکاری بکەن، لەوە دڵنیام جەنابی سەرۆک بارزانی رەزامەندی پێشان دەدات، بەس لەبەرامبەر چی، ئایا لە بەرامبەردا چ ئیمتیازێک بە پێشمەرگەو میللەتی کورد دەدرێت، بۆ ئەوەی ئامادەبین خوێنی خۆمان بۆ عەرەب بڕێژین، ئەگەر لەمن دەپرسن، من لەبەرامبەر ئەوە داوای سەربەخۆیی کوردستان دەکەم.
فەرماندەی لەشکری تایبەتی گوڵان سەبارەت بەوەی دەگوترێت ئەم ناوچانە، ناوچەکانی دوایین سنووری کوردستانن، دەڵێت: من نازانم، یەکێکی سیاسی دەتوانێت وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، بەڵام سەرۆکی ئێمە هەر ئەمرێک بە ئێمە بکات، تا هەر شوێنێک بێت، ئێمە ئامادەین بچین و لەژێر دەستی تیرۆریستانی داعش دەریبهێنین.

Back to top button