بێگه‌رد تاڵه‌بانی: مه‌گه‌ر ئاڵا تاڵه‌بانی خۆی شیعه‌ و ئه‌سه‌دی بێت

خواكوڕك

سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتى نیشتیمانی كوردستان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، سه‌باره‌ت به‌ قسه‌كانی ئاڵا تاڵه‌بانی كه‌ له‌به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌فزیۆنیدا گوتبووی ئێمه‌ ئه‌سه‌دین و تاڵه‌بانییه‌كان له‌ بنه‌چه‌دا شیعه‌ن و سه‌ر به‌ هۆزى ئه‌سه‌دن رایده‌گه‌ێنێت ” گوزارشت له‌ ڕاى خۆی ده‌كات، بنه‌ماڵه‌ى تاڵه‌بانى ڕوونه‌ كه‌ له‌ بنه‌چه‌دا سه‌ر به‌ چی هۆزێكه‌.

(بێگه‌رد تاڵه‌بانى) سه‌رۆكى فراكسیۆنى یه‌كێتیى نیشتمانیى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ڕاگه‌یاندوه‌ “وته‌كانی ئاڵا تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ رای خۆیه‌تی، گوزارشت له‌ ئێمه‌ و عه‌شیره‌تی تاڵه‌بانی ناكات، به‌ڵام ئه‌و ره‌نگه‌ خۆی سه‌ر به‌ هۆزی ئه‌سه‌د بێت، یا شیعه‌ بێت، ئه‌گه‌ر نا هه‌موو دوونیا ده‌زانی عه‌شیره‌تی تاڵه‌بانی كه‌ كوری ره‌سه‌نن و له‌ بنه‌چه‌دا ئێمه‌ چین و سه‌ربه‌كێین، خۆشمان به‌ كورد ده‌زانین و حاشای لێناكه‌ین، وه‌ هیچ كات ئێمه‌ نه‌چووینه‌ته‌ نێو شه‌ڕی مه‌زهه‌بیه‌وه‌ قه‌تیش قبوڵمان نه‌بووه‌، بۆیه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك لێدوانه‌كه‌ى ئاڵا تاڵه‌بانى ڕه‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ و قسه‌كانی هی خۆیه‌تی.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتی زیاتر گوتویه‌تی”  ئه‌و خه‌ڵكانه‌ى ته‌مه‌نێكیان هه‌یه‌، باگراوه‌ندى بنه‌ماڵه‌كه‌مان به‌ باشى ده‌زانن، هه‌ر بۆیه‌ هیوادارم ئه‌م جۆره‌ لێدوان و ده‌سته‌واژانه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى به‌كار نه‌هێنرێن.

ئه‌وه‌ی شایه‌نی باس بێت ئاڵا تاڵه‌بانی ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاری نیه‌ پشت له‌ كورد ده‌كات و عێراقچیه‌تی خۆی ده‌سه‌لمێنێت و له‌ چه‌ندین جار هه‌ڵوێستدا ئاڵا تاڵه‌بانی دژی كورد و كوردستان بووه‌ و خۆی به‌ عێراقی زانیوه‌ و هه‌میشه‌ شانازی كردووه‌، هه‌ر ئه‌ویش بوو ده‌نگی كوردی كۆ ئه‌كرده‌وه‌ بۆ چه‌كدارانی حه‌شدی شه‌عبی بۆ ئه‌وه‌ی به‌ یاسایی بكرێن.

Back to top button