سەركردەیەكی پێشووی كۆمەڵ كاتی ئەوە هاتووە ریفراندۆم بكرێتو پشتگیری بۆ ریفراندۆم راگەیاند
خواكوڕك
وەك بڕیارە لە 25ی ئەیلولی داهاتوو, هەرێمی كوردستان بڕیاری سازدانی ریفراندۆمی بۆ سەربەخۆی كوردستانی دا سەركردەیەكی باڵای پێشووی كۆمەڵی ئیسلامی پشتگیری خۆی بۆ ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان راگەیاند و دەشڵێ غەدرێكی گەورە لە كورد كراوە كە تا ئێستە دەوڵەتی خۆی نیە.
تۆفیق كەریم ئەندامی پێشووی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی و خاوەن ئیمتیازی گۆڤاری خاڵ، لە لێدوانێكیدا ڕایگەیاندوە “گەلی كورد مافی ڕەوای خۆیەتی هاوشێوەی وڵاتانی دنیا خاوەنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ بێت”.
گوتیشی “بێگومان هیچ پاساوێك نییە بۆ دژایەتیكردنی سەربەخۆیی كوردستان، ئەوەشی دەمێنێتەوە، پرسی ڕیفراندۆمە، بێگومان كاتی ئەوە هاتووە ریفراندۆم بكرێ، بۆ ئەوەی بۆچوونی هاونیشتمان لەمبارەیەوە بزانرێ، بەبۆچوونی من هاونیشتمانیان هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ ڕیفراندۆمدا نییە”.
هەروەها گوتی “بەهۆی نەبوونی ئاشتەوایی سیاسی، تەنها كاتی ڕیفراندۆم كەمێك ئاسایی نییە، چونكە هەموومان تامەزرۆی ئەوە بووین لە كاتێكدا ڕیفراندۆم ئەنجام بدرایە، ئاشتەواییەكی سیاسی لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا هەبوایە، بە جۆرێك هیچ كێشەیەك لەنێو لایەنە سیاسییەكاندا نەبوایە و پەرلەمانی كوردستان كارا بوایە، بێگومان ئەو كاتە پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بۆ خۆمان و بۆ وڵاتانی دیكەش شەرعیەتی زیاتری دەبوو”.
ئاماژەی بەوەش كرد “خودی خۆم وەكو هاووڵاتییەكی ئەم نیشتمانە، تامەزرۆی ئەوەم گەلی كورد بەزوویی دەوڵەتی سەربەخۆی هەبێ، ئێستەش كە كورد دەوڵەتی نییە، غەدرێكی زۆری لێ كراوە، بەڵام ئەوەی گرنگە هەموومان كار بۆ ئەوە دەكەین، سەربەخۆیی كوردستان ڕابگەیەنین”.
تۆفیق كەریم لە كۆتاییدا بە پێویستی زانی كە مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە پەلە لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕاندا كۆبێتەوە و بڕیاری ئەوە دەربكات بە زوویی پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە، دڵنیام ئەو كاتە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بە بێ جیاوازی، بە گەرموگوڕی دێنە پێشەوە و پێشوازییەكی گەرم لە پرسی ڕیفراندۆم دەكەن.