ته‌واوی گوتاره‌كه‌ی بارزانی له‌ خواكوڕك بخوێنه‌وه‌

دەقی گوتاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمی ساڵڕۆژی ئەنفالی بارزانییەکان:

 

بەناوی خوای گەورە و دلۆڤان
مێوانە بەڕێزەکان
ئامادەبووانی بەڕێز
بەخێربێن سەرچاو

خوشک و برایانی ئازیز
کەسوکاری ئەنفالکراوان
ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە، ئێمە یادی ڕۆژێکی پڕ ئێش و ئازار دەکەینەوە
پێش ٣٤ ساڵ و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆ، ڕژێمی بەعس ٨ ھەزار کەسی بێگوناحی ڕاپێچایە بیابانەکانی باشووری عێراق و ھەمووی کۆمەڵکوژ کرد و زیندەبەچاڵی کردن، ئەوانە ھیچ گوناحیان نەبوو، تەنیا گوناحیان ئەوەبوو کە کوردن و بارزانینە.

 

٨ ھەزار کەس کە لە منداڵی ١٢ ساڵی تا پیرەمێردی ٩٠ ساڵییان تێدا بوو، ھەموویان بردن و لە بیابانەکانی سەماوە بێسەروشوێن کردن و تا ئێستا نزیکەی ٨٠٠ ڕووفاتی ئەوان دۆزراونەتەوە و ھێندراونەتەوە.

لە ھەموو کوردستان لە کۆی ١٨٠ ھەزار ئەنفالکراو، تەنیا نزیکەی ٣ ھەزار ڕووفاتمان بۆ ھێندراوەتەوە، بەڵام بەڵێن دەدەین کە بەردەوام دەبین بۆ ھێنانەوەی ئەو ئازیزانە بۆ زێدی خۆیان.

 

ئەوە یەکەم جار نییە ئەو کارەساتە بەسەر بارزانییان دێت، بەڵام ھیوادارین ئەمە دواجار بێت کە بەسەر بارزانی و ھەموو خەڵکی کوردستان دێت.

لە ساڵانی بیستەکان بە فڕۆکە خەڵکی گوندی بارزان بۆردومان کران، ئەو کاتە بە بۆمبی تەوقیتکراو ژمارەیەکی زۆر خەڵکی گوندی بارزان شەھید کران کە تەنانەت ئەو کاتە نەیاندەزانی بۆمبی تەوقیتکراو چییە.

لە ١٨٩٢ یەکەم جار گوندی بارزان سووتێندراوە و تاوەکو ئێستەش ١٦ جار ئەو گوندە سووتێندراوە.

بۆ ئێمە جێی شانازییەکی گەورەیە وەک بارزانییان کە ھیچ جارێک سەری خۆمان بۆ زاڵمان شۆڕ نەکردووە و ناشیکەین. ھەر ئەو قوتابخانەیە بوو کە ئەو شێرە ژنانە لەو کاتە تەنگانەیەدا، بەبێ کەسی و بێ پشتوپەنایی، نەیانھێشت منداڵەکانیان بێ کەس بن و جێی دایک و باوکیان بۆ گرتنەوە و ئیشەڵا ڕووتان سپی دەبێت، ئێوە جێگەی شەرەف و کەرامەتی ئێمەن.

لێرەدا بە پێویستی بزانم، بە ناوی ئێوە و بەناوی خۆمەوە سوپاسێکی گەرمی خەڵکی ھەولێر و دەوروبەری، شەقڵاوە، ھەریر، دۆڵی باتاس، دیانا، باڵەکایەتی و سیدەکان و ھەموو ناوچەکان بکەم کە لەو ڕۆژە تەنگانەیەدا ھاوکارییان بۆ دەربازکردنی بارزانییان کرد، خەڵکی ھەولێریش زۆر مەردانە ھاتنە مەیدان بۆ دەربازکردنی ئەو کەسانە، سوپاسیان دەکەین و چاکەیان لەبیر ناکرێ و خۆمان بە قەرزاریان دەزانین.

 

خوشک و برایانی خۆشەویست، ڕێبەری ئێمە کە لە شێخ عەبدولسەلامی شەھید دەست پێ دەکەین، دواتر شێخ ئەحمەدی مەزن، ئێمەی فێر کرد کە ژیان ئەوەیە بە سەربەرزی بژین. شێخ عەبدولسەلام پێش ١١٠ ساڵ لەگەڵ ڕۆژھەڵاتناسێکی بەریتانی قسەی کردووە و داوای دیدارێکی حاکمی بەریتانیای کردووە، تا بابەتی سەربەخۆیی کوردستان لەگەڵ حاکمی بەریتانیا باس بکات.

 

شێخ ئەحمەد ١٢ ساڵ لە زیندانەکانی عێراق بوو، ئامادە نەبوو تەنازولێک بۆ ڕژێمی ئەوسای عێراق بنووسێت، ئێمەش ئێستا لەسەر ئەو ڕێبازە دەڕۆین.

 

ئێمە بۆ ئەو دۆخە بگەڕێینەوە کە ئێستا تێیداین، پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ بەغدا بە دوو قۆناغدا تێپەڕیوە، قۆناغی یەکەم لە ١٩٢٠ تا ٢٠٠٣ و قۆناغی دووەم لە ٢٠٠٣ تا ئەمڕۆیە، لە ھەردوو قۆناغدا ئێمە وەکو خەڵکی کوردستان ئەوەی لە دەستمان ھات، کردمان، دوای ئەو ھەموو کارەساتەی بەسەرمان ھات، دیسان ئامادەبووین بچینە بەغدا و لاپەڕەیەکی نوێ بکەینەوە، تاوەکو بە دیموکراسی و برایەتی پێکەوە بژین، بەڵام دیارە ھەمان فەرھەنگە و ھیچ سوودی نییە.

 

لە ھەردوو قۆناغدا بڕیار بوو ئێمە شەریکی یەک بین، بەڵام لە قۆناغی یەکەمدا ٤٥٠٠ گوندمان وێران کرا و ١٨٢ ھەزار کەسی ئێمەیان ئەنفال کرد و زۆر ژن و منداڵیان برد، کیمیابارانی ھەڵەبجە تا زاخۆ، ١٢ ھەزار کوردی فەیلی و ٨ ھەزار بارزانی، ئەمانە چەند نموونەیەکی زیندووی ئەو تاوانانەن کە بەرامبەر میللەتی ئێمە کراون.

قۆناغی دووەم ھەموو دەزانن کە ئێمە وەک خەڵکی کوردستان بەشدارییەکی جددیمان تێدا کرد، بەڵام ھەموو دەزانن لە ناوەوە و دەرەوە چ پابەندییەک بەو دەستوورە کرا؟ نە مادەی ١٤٠ جێبەجێ کرا، بەڵكو ڕێگە لە پڕچەکردنی پێشمەرگە گیرا، ئەو کاتەی داعش ھێرشی ھێنایە سەر کوردستان، ئێمە تووشی کێشە بووین، چونکە نە چەک و نە تەقەمەنیمان نەبوو، لە کاتێک ڕێکەوتنمان کردبوو، بەڵام ئەوان نە چەکیان بۆ ناردین و نە ڕێگەیان دا خۆمان چەک لە دەرەوە بھێنین.

لە ھەموو تاوانە گەورەکان ئەوە بوو کە نانی خەڵکی کوردستانیان بڕی، گریمان کێشە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەیە و خەتای ھەولێریشە، بەڵام بڕینی نانی خەڵکی کوردستان ھیچ لە ئەنفال و کیمیاباران کەمتر نییە.

 

تەنانەت لە شەڕی مووسڵیشدا ھەنگاوی گرنگی پێشمەرگە ھەبوو و ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە زەحمەت بوو مووسڵ بەو شێوەیە کۆنتڕۆڵ بکرێ، ئێمە ڕێککەوتنمان کرد، ھەرچەندە زۆر پێشێلکاریش کرا، بەڵام ئێمە بەرگەمان گرت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان وایانکرد بیر لە ڕێگەی خۆمان بکەینەوە.

من خۆم چوومە بەغدا، لە مانگی ٨ سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان چووە بەغدا، زۆر بە ڕاشکاوی لەگەڵ ھەموو لایەنەکانی بەغدا قسەمان کرد، گوتمان دەکرێ پێکەوە بژین، بەڵام ئێوە باوەڕتان بە شەراکەتی ڕاستەقینە نییە، مادام ئەوە نییە، وەرن ببینە دوو دراوسێی باش و ئەو بابەتە بە جددی وەربگرن، بەڵام کەس بە جددی وەرینەگرت، وایانزانی کارتی فشارە، بەڵام ئەوە کارتی فشار نییە و گەلی کوردستان بڕیاری خۆی داوە و لە ٢٥ی ئەیلوول دەچنە سەر سندووقی دەنگدان و بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن.

 

تەنیا دەرمانی ئەو برینانەی لە دڵی ئێمە ھەموواندا دروست بووە، ئەوانەی ئەنفال و خوشک و برایانی ئێزدی و کیمیاباران، تەنیا دەرمانیان ئەوەیە کە بەرەو سەربەخۆبوون و ئازادیی خۆمان بچین، ھەموو دەرمانێکمان تاقی کردەوە و سوودی نەبوو.

 

من داوا لە ھەموو گەلی کوردستان دەکەم، ھەموو حزب و ھەموو لایەنەکان، ئەو کارەساتانە بەبیر خۆیان بھێننەوە، ئەنفالی بارزانی و فەیلییەکان، ئەنفالی مەزن کە لە ١٩٨٨ ھاتە سەر کورد، ئەگەر ئەوە بکەن، دەبێ ئەوە بزانن کە سەربەخۆیی باشترین چەکی ئێمەیە تاوەکو بەرگری لە خۆمان بکەین.

لێرە جەخت لەوە دەکەمەوە کە بە خۆشی و لێکتێگەیشتن و بە گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجام و بیر لە شەڕ ناکەینەوە، ئێمە دەمانەوێ ڕێ لە شەڕ بگرین، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش دەکەین کە ئامۆژگاریی ئێمە و بەغدا بکەن تا بە ئاشتی بگەینە ئەنجامێک.

لە کۆتاییدا دووبارە سەری ڕێز بۆ شەھیدان دادەنەوێنم.

Back to top button