ناشناڵ ڕڤیو: دەنگی كورده‌كان له سێپتێمبه‌ردا بۆ سه‌ربه‌خۆیی، سه‌قامگیری و دیموكراسییه
میدیایەکی ئەمریکی بڵاوی دەکاتەوە کە هەریمی کوردستان بەرەو بەدەوڵەتبوون هەنگاو دەنێت. سایتی (ناشناڵ ڕڤیو) کە دامەزراوەیەکی سیاسی، کلتووری و ئابووریی ئەمریکایە، بابەتێکی شیكاریی (سێس فراتزمان) نووسەری ئەمریکی و شارەزا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بڵاوكرده‌وه كه تیایدا باس له‌وه ده‌كات هەرێمی کوردستان ئاماده‌یی سەربەخۆیی و بوون بە دەوڵەتی هەیە.
نووسەر لە بابەتەکەیدا وتەی باڵیۆزێکی پێشووی وڵاتەکەی دێنێتەوە کە دەڵێت “خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به تامه‌زۆرییه‌وه و به ئاشکرا سه‌ربه‌خۆییان ده‌وێت.” ئەوە بەشێک بوو لە وتاری (پیته‌ر گالبرێس) له كۆنفرانسی 28ی ته‌مووزی واشنتۆن و یەکێک بوو لەو وتارانە كه كوردستانیان به هاوپه‌یمانێكی ستراتیژیی ئەمریکا ده‌زانی، و پلاتفۆرمێكیان پێشكه‌شكرد كه كوردستان شایانی ئه‌و مافه‌یه بڕیار لەسەر چارەنووس و داهاتووی خۆی بدات كه ڕه‌نگه ئەنجامی ئەو بڕيارە جیابوونه‌وه بێت له عێراق.
لە بابەتە شیکارییەکەیدا، (فراتزمان) ئاماژە بە بڕیاری هەرێمی کوردستان دەکات بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لەسەر سەربەخۆیی لە ٢٥ی مانگی داهاتوو و دەڵێت کورد داوای پشتگیریی ئەمریکا و وڵاتانی دیکە دەکات. لەو ڕووەوە نموونەی بەهێزیی دۆسیەی کوردەکان دێنێتەوە، لەوانە بینینی ڕۆڵی سەرەکی لە شەڕی داعش و تێک‌شکاندن و شکست پێهێنانی ئەو ڕێکخراوە، ڕووبەڕوو بوونەوەی جینۆساید و ستەم لەسەر دەستی ڕژێمی پیشووی سەددام حوسێن لە عێراق.
نووسەری بابەتەکە لەسەر سەربەخۆیی کوردستان، پێی وایە ڕیفراندۆم ئاسان نابێت و لەو بارەیەوە پشت بە لێدوانێکی فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەبەستێت کە لە وەڵامی پرسیارێکیدا وتبووی “هیچ نه‌ته‌وه‌یه‌ك به ئاسانی سه‌ربه‌خۆیی به‌ده‌ست نه‌هێناوه، ئه‌وه بڕیارێكی سه‌خت و جددییه و ئێمه ئاماده‌ین ئه‌و ڕیسكه بكه‌ین. بۆ كورده‌كان كه 30 ملیۆن كه‌سن، دابه‌شكراوین به سه‌ر 4 وڵات‌دا له جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه و ڕێگه‌كه‌مان زۆر سه‌خت بووه، سنووره داگیرکارییەکان ئێمه‌یان كردووەته كه‌مینه لە عێراق، ئێران، سووریا، توركیا. کوردەکان ڕووبه‌ڕووی ستەمی نەتەوەیی بوونه‌ته‌وه كه ویستوویەتی نكۆڵی له مافه‌كانیان بكات، كورد توند‌وتیژترین ڕێگه‌ی به‌رامبه‌ر گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ له‌ناوبردنی كلتور و زمان و میدیای و تۆقێنه‌رترین سته‌میشیان له نێوان ساڵانی 1986 -1989 لێکراوە له ماوه‌ی ئۆپەراسیۆنەکانی ناسراو بە (ئه‌نفال)دا كه سه‌ددام حوسێن ئه‌نجامی دا و بووە هۆی کوژران و بێسەروشوێنکردنی 180 هه‌زار هاووڵاتیی کورد و ڕووخاندن و وێرانکردنی ٤٥٠٠ گوندی ناوچەکە.”
لە بەشێکی دیکەی بابەتە شیکارییەکیدا باس لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە خاوەن ناسنامەیەکی تایبەتی یەکگرتووە و فڕۆكه‌خانه‌ی مۆدێرنی هه‌یه و بە پێشمەرگە وەک هێزە سەربازییەکەی توانیویەتی سنوورەکانی خۆی بپارێزێت. هەروەها چه‌ندین ده‌یه‌یه پشتگیریی ئه‌مریكای هه‌یه و به کردەوە له به‌غدا جیاواز بووه. له دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق لە ٢٠٠٣، هەرێمی کوردستان سه‌قامگیر و ئاشتیخواز بووه و دوور بووه له ده‌ستی تیرۆر، كاتیكیش داعش له 2014 چه‌ند به‌شێكی عێراقی داگیركرد، كورده‌كان زیاتر لە هەزار كیلۆمه‌تر سنووری هاوبەشیان له‌گه‌ڵ داعش هه‌بوو، و حکوومەتەکەی شانی دایه به‌ر قه‌یرانه دارایی و سه‌ربازییه‌كانی شه‌ڕێكی دژوار، بۆیە ئێستا ده‌یانه‌وێت به‌رپرسیاریی سیاسی هه‌ڵبگرن بۆ گەیشتن بە سه‌ربه‌خۆیی. هەروەها تیشک دەخاتە سەر لێدوانێکی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەوەی کە “کوردەکان لەدوای پڕۆسەی ئازادیی عێراقەوە، وڵاتیکی فیدڕاڵی، دیموکراتی و پلورالیزمیان هه‌ڵبژاردووه و ڕۆڵێكی گرنگیان هه‌بووە له نووسینه‌وه‌ی ده‌ستوورێكی گونجاو بۆ وڵاته‌كه”. فەلاح مستەفا و چه‌ندین به‌رپرسی دیکە ده‌ڵێن “به‌غدا ده‌ستووری جێبه‌جێ نه‌كردووه”. نووسەر دەڵێت بەغدا بودجه‌ی كوردستانی بڕیوه و به به‌رفراوانی تاكڕه‌و بووه به‌رامبه‌ر به هه‌ولێر.
لە بابەتەکەدا هاتووە: دوای ئه‌وه‌ی كوردستان ڕایگه‌یاند ڕیفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجام ده‌دات، یه‌كه‌مین وڵات كه به ئاشكرا دژی وه‌ستایه‌وه، ئێران بوو. ئۆفیسی ئایه‌توڵڵا عه‌لی خامەنەیی ڕێبەری ڕۆحیی ئێران وتی “سه‌ربه‌خۆیی كورده‌كان مه‌ترسییه له‌سه‌ر ناسنامه‌ی عێراق و ده‌بێت به یه‌كگرتوویی بمێنێته‌وه”. ئەو ناسنامه‌یەی عێراق کە بە ڕای نووسەر، له‌لایه‌ن حەشدی شەعبی و ئه‌و میلیشیایانه‌وە كۆنترۆڵكراوه کە پاڵپشتیی ئێرانیان هەیە. ڕه‌تكردنه‌وه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كورده‌كان له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه خستنه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی نوێیه له‌وه‌ی ناسیۆنالیزمی عه‌ره‌بیی سه‌ددام حوسێن لێی ده‌كردن. هەروەها لە زاری پیتەر گالبرێسەوە دەڵێت کە “تای تەرازووی ڕیسکی مانه‌وه له‌گه‌ڵ عێراقێكدا كه زۆربه‌ی پیاوانی ئایینیی شیعه‌ی به‌ستراوه به ئێران حوكمی دەکەن، قورسترە لە ڕیسكی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان”. فه‌لاح مسته‌فاش باس له چەند ئاستەنگێک ده‌كات كه “ده‌بێت هەرێمی کوردستان ڕووبه‌ڕوویان بێته‌وه، بەڵام جگه له‌و به‌ربه‌ستانه، یەکەمیان ده‌بێت ئێمه دڵنیا بین كه یه‌كڕیز و به‌هێزین، بۆ ئه‌وه‌ش پارتی دیموکراتی كوردستان كاری كردووه له‌گه‌ڵ یه‌كیه‌تیی نیشتمانیی كوردستان و یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان و چه‌ند لایه‌نێکی دیکە تا پشگیریی ڕیفراندۆم بكه‌ن.”
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغداش، بەرپرسەکەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لەسەر پێویستیی بەردەوامبوونی پەیوەندیی حکوومەتەکەی لەگەڵ بەغدا دەکاتەوە، “هه‌ولێر پێویستی به په‌یوه‌ندییه له‌گه‌ڵ به‌غدا تا دڵنیا بین له ئامانجەکانمان تێده‌گه‌ن، بەوەی كه تێكهه‌ڵچوونمان ناوێت و خوازیاری دۆستایەتی و پەیوەندیی بازرگانیین لەگەڵیان”. دەربارەی هەڵوێستی وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت “زۆر گرنگه كه دڵنیایان بكه‌ینه‌وه ئه‌و هه‌نگاوەی ئێمه دژی به‌رژه‌وه‌ندیی هیچ له‌و نه‌ته‌وانه نابێت”. فه‌لاح مسته‌فا هەروەها هیوای خواستووە ئه‌مریكا یارمه‌تییان بدات له دیالۆگ له‌گه‌ل به‌غدا و دڵنیا بیت له دیموكراتیه‌تی پرۆسه‌ی ڕیفراندۆم.
(سێس فراتزمان) نووسەری ئەمریکی و شارەزا لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بابەتە شیکارییەکیدا لە سایتی (ناشناڵ ڕڤیو)ی ئەمریکا، پێی وایە وه‌ڵامی دەسەڵاتدارانی توركیا بۆ ده‌نگدان لەسەر سەربه‌خۆیی هەرێمی کوردستان ئاساییە و زۆر توند نه‌بووە، هه‌رچه‌ند ئەنقەرە له‌گه‌ڵ هه‌ولێر دۆستایه‌تی نیشان ده‌دات و له‌و ساڵانه‌ی دوایدا، هاوبه‌شی سه‌ره‌كی بووە لە بازرگانی لەگەڵ كوردستان، له نه‌وت و پێداویستییەکان، وه‌زیری ده‌رەوه‌ی توركیا ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی به خۆكوشتن وه‌سفكرد، به‌ڵام كاردانه‌وەی له‌و شیوه‌یه له توركیا چاوه‌روانكراو بوو . لەو پەیوەندییەدا لێدوانێکی نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی هێناوەتەوە کە بە میدیاکانی وتبوو “ئه‌وه‌ی تا ئیستا ده‌یبینین كاردانه‌وه‌ی وڵاته‌كان لەسەر ڕیفراندۆم زۆر نۆرماڵ و ئاسایین، هیچ شتێكی تیدا نییه كه نیگه‌رانمان بكات”.
كورده‌كان ده‌ستیان گه‌یشتووه به یه‌كیه‌تیی ئه‌وروپا و كۆنگرێسی ئه‌مریكا و ئه‌و كۆنفرانسه‌ی واشنتۆن تایمز و كوردستان 24 و دامه‌زراوه‌ی له‌نده‌ن ڕێكیان خستبوو و كه‌سانی وه‌ك گالبرێس قسه‌یان تێدا كرد، په‌یامه‌كه‌ی ئه‌وه بوو كه “كوردستان مافی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی هەیە، وه‌ك سكۆتله‌ندا، كبیك و هەروەها باشووری سوودان، دوای 100 ساڵ كاتی ئه‌وه‌یه كوردستان خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات”.
لە بەردەوامیی بابەتەکەی (فراتزمان)دا هاتووە، له كاتیكدا به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆیی ده‌ڕۆن، كوردەکان ئامانجیانه چه‌ندین چاكسازیی جددیی ئابووری و كۆمه‌ڵگه‌ی سڤیل بكه‌ن له ئێستادا كه شه‌ری داعش به‌ره‌و کۆتایی ده‌چێت، به‌ڵام هێرشه‌كانی مانگی ته‌مووز بۆ سه‌ر ڕۆژئاوای كه‌ركوك پیشانی ده‌دات كه داعش به ته‌واوی له‌ناو نه‌چووه، به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان ته‌نانه‌ت ڕاوێژكاره‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ش له چاوپێكه‌وتنه‌كانیاندا باسیان لەوە کردووە كه هه‌رێمی کوردستان به به‌رفراوانی سه‌رقاڵی پرۆفێشناڵكردنی هێزه‌كه‌یه‌تی له ڕێگه‌ی مه‌شق و ڕاهێنان و باشترکردنی باری ژیان و گوزەرانی پێشمه‌رگە. وەک ئەوەی فه‌لاح مسته‌فا دەڵێت “هه‌رێمی کوردستان ده‌كەینه مناره‌یه‌كی هیوا بۆ سه‌قامگیری و ئه‌منیه‌تی زیاتر له ناوچه‌كه”. نووسەر لە کۆتایی بابەتەکەیدا دەڵێت هه‌ركه‌سیك سەردانی كوردستانی کردبێت، به‌تایبه‌ت به به‌راورد له‌گه‌ڵ هه‌موو بەشەکانی دیکەی عێراق، ئه‌منیه‌ت و بنیادنانی مۆدێرن و وه‌به‌رهێنان ده‌بینێت، هه‌رێم بووەته لانه‌ی ئارامی بۆ ئەو كه‌مینانه‌ی کە له شەڕ و دەستی داعش ڕایانكردووه.