ئەندامێكی جڤاتی گشتیی گۆڕان: گۆڕان دژایەتی ڕیفراندۆم ناكات، بەڵكو پشتگیری لە پڕۆسەكە دەكات

دوای ئەوەی ئەمڕۆ یەكێتی بڕیاری وەدەرنانی فەرهاد سەنگاوی ئەندامی فراكسیۆنەكەیانی دەكرد بە هۆی بەشداری كردنی لە جولانەوەی نەخێر لە ئێستادا كە بەجولانەوەی(من مرۆڤ نیم, چونكە كوردم) ناو دەبرێت, ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕانیش دەلێت هەر ئەندامێكی گۆڕان بچێتە پاڵ ئەم جولانەوەیە تەعبیر لە رای خۆیدەكات,

خەلیل سەركانی، ئەندامی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاندووە: “ئەوانەی لەناو بزووتنەوەی گۆڕانەوە بەشداری لە كەمپینی (نەخێر) دەكەن، نوێنەرایەتی خۆیان دەكەن و پەیوەندییان بە ستراتیژیی گۆڕانەوە نییە”.
گوتیشی: “پێمان باشە ھەموو ھەڵسوڕاوێكی گۆڕان پابەندی پەیڕەو و پڕۆگرامی بزووتنەوەكەمان بێت، بەڵام گۆڕان لە چوارچێوەی بزووتنەوەیەكی جەماوەریدایە، ھەروەھا كۆمەڵێك دەنگ و ڕەنگی جیاوازی تێدایە، بۆیە ئێمە ناتوانین لەو نێوەندەدا ڕێگریی لەكەس بكەین”.
ئاماژەی بەوەشكرد، كە ئەوان بەكەس ناڵێین بەشداری كەمپینی (نەخێر) بكە، ئەوەشی بەشداری ئەو كەمپینە بكات، گوزارشت لە سیاسیەتی بزووتنەوەی گۆڕان ناكات، بەڵكو تەنیا نوێنەری خۆیەتی.
ئەندامەكەی جڤاتی گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، باسی لەوەشكرد، كە بزووتنەوەی گۆڕان دژایەتی ڕیفراندۆم ناكات، بەڵكو پشتگیری لە پڕۆسەكە دەكات.

Back to top button