بە ڤیدیۆ: ژیاننامەی بارزانی پێشمەرگەی سەربەخۆیی كوردستان
مەسعود مستەفا محەمەد بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، كوڕی سەركردەی مێژوویی كورد مەلا مستەفا بارزانییە، مەسعود بارزانی لە رۆژی 16ی ئابی ساڵی 1946, لە سەردەمی كۆماری كوردستان لە مەهاباد لە دایكبوو، كە هەمان رۆژی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە.
بارزانی كوڕی ماڵباتێكی بەنێوبانگی شۆڕشگێر و ئایینییە، كە سەدەیەكە لە پێناو بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەكانی كورد تێدەكۆشن، لەو پێناوەش شێخ عەبدولسەلامی مامی لە ساڵی 1914, بەهۆی داواكاری بۆ سەربەخۆیی كوردستان, دوای دەستگیركردنی لەلایەن عوسمانییەكانەوە لە موسڵ لە سێدارە دەدرێت.
بارزانی تەمەنی چەند مانگێك دەبێت، كە یەكەم كۆماری كوردستان لە مەهاباد دەرووخێت، مستەفا بارزانی ئەوكات ژەنەراڵێكی كۆمارەكە بوو، دوای بەرخودانێكی زۆر، لەگەڵ 500 هەڤاڵی دیكەی خۆیان دەگەیەننە یەكێتی سۆڤیەتی پێشوو، مەسعود بارزانی لە باوكی دادەبڕێ و بە ناچاری دەگەڕێنەوە باشووری كوردستان لە كەمپەكانی ئاوارەكان لە دیانا نیشتەجێ دەكرێن، شێخ ئەحمەدی مامیشی راپێچی زیندان دەكرێت.
ساڵی 1958، كە لە عێراق شۆڕش بەرپا دەبێت، مستەفا بارزانی وەك پاڵەوانێك و لە نێو ئاپۆرای هەزاران خەڵك لە شارەكانی عێراق دەگەڕێتەوە و ئەوكاتەش مەسعود بارزانی بە دیداری باوكی شاد دەبێتەوە.
لەگەڵ تێكچوونی پەیوەندییەكانی سەركردایەتی كورد و عەبدولكەریم قاسم سەرۆك كۆماری ئەوسای عێراق، كە لەگەڵ هاتنیدا, بەڵێنی پێدانی مافەكانی بە كورد دابوو، لە ساڵی 1961 شۆڕشی ئەیلوول هەڵگیرسا، مەسعود بارزانیش لەو ساڵەوە چەكی پێشمەرگایەتی دەكاتە شان و تا ئێستاش وەك خۆی چەندین جار دووپاتی كردووەتەوە، ناوی پێشمەرگە لەهەموو پۆست و پلەیەك بە باڵاتر دەزانێت. لەو سەردەمەشەوە هاوكارێكی نزیكی باوكی دەبێت و بەشدارییەكی كاریگەری هەبووە لە حزب و شۆڕشدا.
لە دوای رێككەوتنامەی جەزائیر و شكستی شۆڕشی ئەیلوول لە بەهاری ساڵی 1975، جارێكی دیكە بارزانی و ماڵباتەكەی ئاوارەی رۆژهەڵاتی كوردستان دەبنەوە، دواتریش لەگەڵ ئیدریس بارزانی برای و سەركردەكانی دیكەی پارتی، شۆڕشیان دەستپێكردەوە و بەردەوامی بە خەبات درا.
لە دوای نەخۆشكەوتنی باوكیشی، چەند جارێك هاوەڵی مەلا مستەفا بارزانی بووە لە كاتی وەرگرتنی چارەسەری پزیشكی لە ئەمریكا. لەدوای كۆچی باوكی و لە مانگی 11ی ساڵی 1979, لە كۆنگرەی نۆیەمی پارتی كە لە رۆژهەڵاتی كوردستان بەسترا، مەسعود بارزانی وەك سەرۆكی پارتی هەڵبژێردرا.
لە ساڵانی هەشتاكاندا، لەگەڵ ئیدریس بارزانی برای، هەوڵی زۆریاندا بۆ پێكهێنانی چەند بەرەیەك بۆ رووبەڕووبوونەوه و بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی حكوومەتی بەعسی لە عێراق، سەرەڕای فەرماندەییكردنی هێزی پێشمەرگهی كوردستان و سەرپەرشتیكردنی بەردەوامی خەبات.
لەدوای پێكهێنانی بەرەی كوردستانی لە ساڵی 1988، بارزانی دەبێتە سەركردەی ئهو بهرهیه لەناوەوەی وڵات، هەر ئەو سەركردایەتییە ناوخۆییەی بەرەی كوردستانیش، ئامادەسازیی و سەرپەرشتی راپەڕینی بەهاری 1991ی كرد. هەر لە سەرهتای راپەڕینەوە، سەرۆك بارزانی داوای هەڵبژاردن و بە سیستەمكردنی باشووری كوردستانی دەكرد، ئەوەبوو ساڵی 1991 لە گردبوونەوەیەكی جەماوەریی لە شاری كۆیە, داوای هەڵبژاردنێكی ئازادی لە هەرێمی كوردستان كرد.
ساڵی 1992 هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدرا، بارزانی یەكێك بوو لە كاندیدانی هەڵبژاردنی رابەری بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، هەرچەندە زۆرینەی دەنگەكانی بەدەستهێنا، بەڵام دواتر هەڵبژاردنەكە بۆ قۆناخی دووەم و لە نێوان دوو كاندید دیاریكرا، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ئەوكات, قۆناخی دووەم ئەنجام نەدرا. پارتیش هەرچەندە یەكەمی هەڵبژاردنەكان بوو، بەڵام رازیبوو بە رێژەی پەنجا بە پەنجا لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی, كە پێكهێنانی حكوومەت و پەرلەمانی كوردستانی لێكەوتەوە.
لەدوای رووخانی رژێمی سەدام لە ساڵی 2003، مەسعود بارزانی رۆڵێكی سەرەكی لە نووسینەوەی دەستووری نوێی عێراق ههبووە و هەوڵەكانی ئەو و سەركردایەتی كورد وایكرد، مافی گەلی كورد لە دەستوور بچەسپێندرێت، یەكێكیش بوو لە دامەزرێنەرانی مەجلیسی حوكمی عێراق لە تەممووزی 2003 و لە خوولێكی سێ مانگیشدا سەرۆكایەتی ئەو ئەنجوومەنەی لە ئەستۆ بووە.
بارزانی لە تەممووزی ساڵی 2005, وەك یەكەمین سەرۆكی هەرێمی كوردستان, لەلایەن پەرلەمانی كوردستان هەڵبژێردرا، لە ساڵی 2009 بە دەنگی پتر لە 70%ی خەڵكی هەرێمی كوردستان, جارێكی دیكە بووەوە بە سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە حوزەیرانی 2013 پەرلەمانی كوردستان، لەبەر پێویستی دۆخەكە و بە رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی, جارێكی دیكه بە سەرۆكی ههرێمی كوردستان دیاریكرایهوه.
بارزانی لەماوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا، هەوڵە دیپلۆماسییەكانی پەرە پێدا و لەگەڵ زۆرینەی سەرۆك و سەركردەی وڵاتانی جیهان كۆبووەوە و وەكو سەرۆكێكی رێزلێگیراو پێشوازی لێدەكرێت. بەردەوامیش سەرۆك و بەرپرسە باڵاكانی جیهان سەردانی بارزانی دەكەن و لە كێشە و پرسە ناوخۆییەكانی عێراق و ناوچەكە, راوێژ و گفتوگۆی لەگەڵ دەكەن. بهر له كەوتنی موسڵ، چەندینجار هۆشداری سەرهەڵدانی گرووپی تووندڕەوی دەكرد، لە دوای كەوتنی ئەو شارەش, سەنگەرەكانی پێشمەرگەی توندوتۆڵكرد.
لەگەڵ هاتنی داعش و نزیكبوونەوەی لە سنووری پارێزگای هەولێر، بە هەوڵە دیپلۆماسییەكانی بارزانی, هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە شەڕی تیرۆریستانی داعشدا بەهانای هەرێمی كوردستانەوە هات و بە بۆردومانی ئاسمانی و ناردنی یارمەتی سەربازی، هاوكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن.
ئێستا بارزانی بەردەوامە لە رابەرایەتیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و خۆی سەرپەرشتی بەرەكانی پێشەوەی شەڕ دەكات و لەژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی ئەو, ئۆپهراسیۆنەكانی ئازادكردنی بهنداوی موسڵ، رەبیعە, زوومار, چیای شنگال, شنگال و شوێنەكانی دیكه، بە سەركەوتوویی ئەنجامدراون، لە هەمانكاتدا پەیوەندی و هەوڵە دیپلۆماسییەكانی چڕكردووەتەوە بۆ بەدیهێنانی خەونی لەمێژینەی گەلی كوردستان, كە بارزانی بەردەوام دووپاتیدەكاتەوە، كوردستان ئێستا لە هەموو كاتێك لە سەربەخۆیی نزیكتر بووەتەوە.
بارزانی شەیدای خوێندنەوەیە بە تایبەتیش حەز بە خوێندنەوەی كتێبی مێژوویی و یادداشت دەكات, هەروەها زۆر حەزیشی لە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی كلاسیكی كوردییە، هەروەها حەزیشی لە وەرزشە بەتایبەتی مەلەوانی.
لە ساڵی 1965 ھاوسەرگیری كردووە و باوكی پێنج كوڕ و سێ كچە، زمانەكانی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی بە باشی دەزانێت, چەندین نووسینی لە رۆژنامە و گۆڤارە ناوخۆیی و جیهانییەكان هەیە و پەرتووكێكی چەند بەرگیشی بە ناوی (بارزانی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد) بڵاوكردووەتەوە