ئەمینداری گشتیی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی: هیوا بۆ مسۆگەركردنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان دەخوازم
لە دیداریدا لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمینداری گشتیی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی ستاییشی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانی كرد لە شەڕی تیرۆر و دژایەتیكردنی زوڵم و چەوسانەوە و سەرسامیشی دەربڕی بە ئاستی بووژانەوە و پێشكەوتن و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان و هیوای ئەوەیشی خواست كە گەلی كوردستان لە مسۆگەركردنی مافە ڕەواكانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت.
ڕۆژی شەممە 19ـی 8ـی 2017 لە سەلاحەددین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە (د. سوڵتان ئەبو عرابی) ئەمینداری گشتیی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی و (د. زیاد كوردی) سەرۆكی زانكۆی ئەربد لە ئۆردن كرد.
لە دیدارەكەدا ئەمینداری گشتیی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی ستاییشی خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستانی كرد لە شەڕی تیرۆر و دژایەتیكردنی زوڵم و چەوسانەوە و سەرسامیشی دەربڕی بە ئاستی بووژانەوە و پێشكەوتن و پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان و هیوای ئەوەیشی خواست كە گەلی كوردستان لە مسۆگەركردنی مافە ڕەواكانی سەركەوتن بەدەست بهێنێت. لە بەشێكی تری وتەكانیدا باسی لە گوزەرانی جالیەی كوردی لە وڵاتی ئۆردن و هەورەها كار و چالاكییەكانی یەكێتیی زانكۆكانی عەرەبی و ئاستی پەیوەندیی نێوان زانكۆكانی عەرەبی و زانكۆكانی كوردستان كرد.
لە بەرانبەردا (سەرۆك بارزانی) پێزانینی هەبوو بۆ ئاستی باشی گوزەرانی كوردەكان لە شانشینی ئۆردۆن و هەروەها پەیوەندیی نێوان خۆی و شای ئۆردۆن و هەرێمی كوردستان و وڵاتی ئۆردۆنی بە برایانە و دۆستانە وەسف كرد.
لە بەشێكی تری وتەكانیدا (سەرۆك بارزانی) ڕۆشنایی خستەسەر هەڕەشەی تیرۆر لە ئاستی جیهانی و شەڕی داعش و ئازادكردنی موسڵ و جەختی لەوە كردەوە كە هێشتا ئەو هۆكارانەی بوونە هۆی سەرهەڵدان و گەشەی تیرۆر، وەك خۆی ماون و مەترسیی دەركەوتنەوەی هەڕەشەی هاوشێوەی داعش لە ئارادایە و بە پێویستیشی زانی لەپێناو نەهێشتنی تیرۆر كار لەسەر هۆكارەكانی سەرهەڵدانی تیرۆر بكرێت.
لەبارەی ڕیفراندۆمیش (سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بە قۆناغەكانی مێژووی هاوبەشی گەلی كوردستان و دەوڵەتی عێراق و ئەو نەهامەتییانەی بەسەر خەڵكی كوردستاندا هاتووە ئەوەی دووپاتكردەوە كە لە هەموو قۆناغەكاندا پڕەنسیپی شەراكەت پێشێل كراوە و گەلی كوردستان ماندوو بووە لەوەی ئەزموونە شكستخواردووەكانی پێشوو دووبارە بكاتەوە بۆیە بڕیاری ڕیفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی داوە.