حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران راگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌

حدک لە راگەیەندراوەکەدا، کە رۆژی شەممە 26/8/2017 بڵاوی کردووەتەوە، رایدەگەیەنێت، کە ئەو رووداوە، کە ”هیچ پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە“، پێویستی بە ”لێکۆڵینەوەی وردتر و زیاتر هەیە“، چونکە دەرەنجامی نەخوازراوی لێکەوتووەتەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا، حدک پێی وایە پەنابردن بۆ چەک و یەکلاکردنەوەی کێشەکان لەگەڵ دانیشتووانی باڵەکایەتئ ”هەڵەیەکی مەترسیدار“ و بەپێویستیشی دەزانێ رێ لە دووبارەبوونەوەی ئەو رووداوانە بگیرێ” حدک هەروەها رایگەیاندووە، کە خەڵکی ئەو دەڤەرە بەردەوام جگە لە پاڵپشتیکردنی شۆڕشی رزگاریخوازی باشووری کوردستان، ”ھەمیشە پاڵپشت و دڵسۆزی بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش بوون“.

لە راگەیەندراوەکەدا، حدک سەرەخۆشیی و هاوخەمیی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانییەکان دەردەبڕێت و رایدەگەیەنێت، بەهۆی بارودۆخی تایبەتیی هەرێمی کوردستان و نزیکبوونەوە لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی، ”چاوەڕوانیی ئەوەمان لێیان هەیە“، کە رێگریی لە دروستبوونی کێشە بگرن و ”ڕێگە نەدەن کە بەھۆی درێژەکێشانی گرژییەکانەوە برایەتیی نێوان کوردی ھەردوو بەشی کوردستان خەوشدار بێ“.

دەقی راگەیەندراوەکە

ئێوارەی ھەینی، ٢٥ی ئاگوستی ٢٠١٧، لە ئاکامی کێشەیەکی نێوان بنەماڵەیەکی خەڵکی گوندەژۆر لە قەزای چۆمان و پێشمەرگەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێراندا، بەداخەوە دوو کەس لە خەڵکی ئەو گوندە گیانیان لە دەست دا و چەند کەسی دیکەش بریندار بوون. ڕووداوێک کە بووە ھۆی پەرەئەستاندنی گرژی و نائارامی لەو دەڤەرە.

ئەگەرچی ئەم ڕووداوە ھیچ پێوەندییەکی بە حیزبی دێموکڕاتەوە نیە، بەڵام بەھۆی دەرەنجامە نەخوازراوەکانی ئەم ڕووداوە، بەپێویستی دەزانین ھەڵوێستی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان بەشێوەی خوارەوە ڕابگەیەنین:

لەگەڵ ئەوەدا کە ئەم ڕووداوە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی وردتر و زیاتر ھەیە، بەڵام لەھەرحاڵدا پەنابردن بۆ چەک لەلایەن ھەر لایەنێکەوە ڕوو بە دانیشتووانی ئەم دەڤەرە و بۆ کێشەیەکی لەم چەشنە، بە ھەڵەیەکی مەترسیدار دەزانین و پێویستە بە جۆرێک لێپرسینەوە و بەدواداچوونی بۆ بکرێ کە پێش بە دووپاتبوونەوەی کارەساتی لەم چەشنە بگیرێ.

خەڵکی دەڤەری باڵەکایەتی و بەتایبەتی ئەو شوێنانەی ھێزی پێشمەرگەی حیزبەکانی ڕۆژھەڵاتی لێ جێگیرە، مێژوویەکی دوور و درێژیان نەک ھەر لە خەبات و تێکۆشان لەپێناو مافەکانی گەلی کورد لە باشووری کوردستاندا ھەیە، بەڵکوو ھەمیشە پاڵپشت و دڵسۆزی بزوتنەوەی کورد لە ڕۆژھەڵاتی کوردستانیش بوون؛ بەتایبەتی بنەماڵەی قوربانییەکانی ئەم کارەساتە نزیک بە سێ دەھە ڕابردووی دۆستایەتیی زۆر گەرمیان لەگەڵ حیزبی ئێمە ھەیە و لە ساڵانی دواییشدا کە پێشمەرگەکانی ئێمە بەھۆی پێویستییەکی ڕەوای بزوتنەوەی کورد لە رۆژھەڵات لەو دەڤەرە جێگیر بوونەوە، نەک ھەر ھیچ کێشەیەک لەنێوانماندا ڕووی نەداوە بەڵکوو باشترین جۆری دۆستایەتی و ھاودڵی لەنێوان ئێمە و خەڵکی ئەو گوندە و بەگشتی ئەم دەڤەرەدا ھەبووە.

ئێمە وێڕای سەرەخۆشی و دەربڕینی  ھاوخەمی لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان و خەڵکی ئەم دەڤەرە، چاوەڕوانیی ئەوەشمان لێیان ھەیە کە بۆ ئەوەی لەو دۆخە ھەستیارەدا کە  گەلی کورد بەتایبەتی لە باشووری کوردستان پێیدا تێدەپەڕێ دژمنانی کورد نەتوانن درز و ناخۆشی بخەنە نێو ڕیزەکانی نەتەوەکەمان، یارمەتی بە ئارامبوونەوەی دۆخەکە بکەن و ڕێگە نەدەن کە بەھۆی درێژەکێشانی گرژییەکانەوە برایەتیی نێوان کوردی ھەردوو بەشی کوردستان خەوشدار بێ.

بێگومان پێویستە دامودەزگا پێوەندیدارەکان ئەرکی خۆیان لە بەدواداچوونی ئەو کارەساتەدا بە دروستی و بە جیدییەتەوە جێبەجێ بکەن. وەک حیزبی دێموکراتی کوردستانیش ئامادەی ھەر جۆرە ھاوکارییەکین کە ببێتە ھۆی ئاسایی بوونەوەی دۆخەکە و گەڕانەوەی وەزعیەتەکە بۆ حاڵەتێک کە ھەم ھێزەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان لە جێبەجێکردنی ئەرکی خەباتگێڕانەی خۆیان لە سنوورەکان بەردەوام بن، ھەم ڕەعایەتی دانیشتووان و خەڵکی خۆشەویستی ئەم دەڤەرە بکرێ.

حیزبی دێموکڕاتی کوردستان

دەفتەری سیاسی

Back to top button