رۆژنامەیەكی توركی: بارزانی بەیەكجاری دەرگەی بەرووی بەغدا داخست

دوای ئەوەی بارزانی پیشتر رایگەیاندبوو تا دوای ڕیفراندۆم هیچ شاندێكی كوردی ناچیتەوە بەغدا, رۆژنامەی (جومهوریەت)ی توركی لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە، كە ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان، پێی ناوەتە قۆناخێكی زۆر گرنگ، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش بەهیچ شێوەیەك دوایناخات، تەنانەت خۆی ئامادە كردووە بۆ هەر رووبەرووبوونەوەیەك لەلایەن حەشدی شەعبییەوە.
بەگوێرەی رۆژنامەكە، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دوای ئەوەی لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ (بی بی سی) بەشی فارسی لەبارەی ریفراندۆمەوە زانیاری تازەی ئاشكرا كرد، ئەوەی زۆر جێگەی سەرنجی میدیاكانی توركیا بوو، هەڵوێستەكانی بارزانی بووە لەسەر كەركووك و ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.
بارزانی لەو دیمانەیەیدا دووپاتی كردبووەوە، كە ریفراندۆم لە كەركووك ئەنجام دەدرێت، ئەگەر خەڵكی كەركووك لەگەڵ سەربەخۆیی بوون، پێویستە رێزیان لێ بگیرێ، ئەگەر گوتیان سەربەخۆییمان ناوێت، ئەوكات ئێمەیش رێز لە بڕیارەكەیان دەگرین.
بارزانی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا ئەگەر حەشدی شەعبی لەسەر ئەو هەڵویستە پەلاماری كەركووك بدات، چی دەكەن؟ گوتبووی “ئێمە نامانەوێت شەڕ بكەین و بە ناخۆشی جیابینەوە، بەڵام ئەگەر پەلامارمان بدەن لە كەركووك، ئێمە بە توندی وەڵامیان دەدەینەوە و ئامادەین”.
ئەم گوتەیەی بارزانی بووەتە جێی باسوخواسی میدیاكانی توركیا، هەندێكیان دەیانەوێت بابەتەكە بووروژێنن و دەڵێن گیانی توركمانەكان لە مەترسییە، وەكو رۆژنامەی (حوریەت و ئاكید و شەفەق)، بەڵام هەندێك لە رۆژنامەكانی تری وەكو (جومهوریەت) وەكو هەواڵێكی گرنگ باسیان كردووە و زیاتر تیشكیان خستووەتە سەر هەڵوێستی بارزانی لەسەر سەربەخۆیی.
بارزانی هەر لەو دیمانەیەدا لەبارەی ئەوەی ئایا پارچەكانی تری كوردستان لە داهاتوو بەو دەوڵەتە دەلكێن كە هەرێمی كوردستان دروستی دەكات؟ بارزانی دەڵێ “ئێمە دەمانەوێت ئەو پارچانەی تری كوردستان كێشەی خۆیان لەگەڵ ناوەندەكانی خۆیان چارەسەر بكەن و بە شێوەیەكی ئاشتیانە چارەسەری بكەن”.

 

Back to top button