دیپلۆماتكارێكی ئەمریكی: عێراق بوونی نەماوە, پێویستە پشتگیری لە سەربەخۆیی كوردستان بكەین

 

باڵوێزی پێشووی ئەمریكا لە نەتەوە یەكگرتووەكان جارێكی دیكە پاڵپشتی خۆی بۆ سەربەخۆیی كوردستان ڕاگەیاند و جەختی كردەوە كە ویلایەتە یەكگرتووەكان پێویستە لەوە تێ بگات كە عێراقی ساڵانی ڕابردوو ھەر ساڵانێكە كۆتایی ھاتووە.
جۆن بۆڵتەن، لە میانەی گفتوگۆیەك لە ڕادیۆی (Sirius XM)ی ئەمریكی، باسی لە ھاوپەیمانییەتی نێوان كورد و ئەمریكا كرد و ڕای گەیان كە واشنگتۆن بەھۆی ساڵانێكی دۆستایەتی و ھاوكاری كوردەكان پێویستە لە دژی خواستی سەربەخۆیی كوردستان نەوەستێتەوە.
ئەم دیپلۆماتكارە ھەروەھا بە بیر حكوومەتی وڵاتەكەی دێنێتەوە كە ھەرێمی كوردستان لە شەڕی دژ بە تیرۆری نێودەوڵەتی و كێشەی نێوان ئەمریكا و ڕژێمی بەعس، بەردەوام ھاوكاری ئەمریكا بووە، ھەروھا وەك قەڵغانێكیش لە بەرامبەر گەشەی ھەژموونی ئێران لە ناوچەكە ئامادەیی ھەبووە.
بۆڵتەن لە درێژەی قسەكانیدا گوتی: “ئەو دەوڵەتی عێراقەی ئەمە دەمانناسی ئیتر بوونی نییە و ھەرگیزیش ناگەڕێتەوە قۆناغی جاران، حكوومەتی بەغدا لە لایەن ئایەتولڵاكانی تارانەوە كۆنتڕۆڵ كراوە، ستراتیژی ئەمریكاش بۆ پشت بەستن بە حكوومەتی بەغدا لە شەڕی دژ بە داعش، پێم وایە ھەڵە بوو.”
بە گوتەی ئەم باڵوێزەی پێشووی ئەمریكا، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەكەی ھەڵە دەكات ئەگەر لە دژی دەرئەنجامەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی ھەرێمی كوردستان بووەستێتەوە، ھەر وەك چۆن ھەڵەی كرد بەر لە ریفراندۆمەكە دژی ئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمە وەستاوە.
لە درێژەی گفتوگۆكەدا، بۆڵتەن جەختی كردەوە ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە كوردستان جیھانی بەرەوڕووی واقیعێكی نوێ دا كردووەتەوە، بەڵام وەزارەتی دەرەوە ئەمریكا پێناچێت مەیلی ھەبێت دان بەم واقیعە دابنێت، ئەگەرچی ئەم واقیعە بە قازانجی ئەمریكاشە.
لە كۆتاییدا، ئەم سیاسەتمەدارە ئەمریكییە دووبارەی كردەوە كە سیاسەتی ئێستای ئەمریكا بووەتە ھۆی ئەوەی كە ئێران ھەژموونی خۆی بەسەر عێراقدا بچەسپێنێت و لەوێشەوە پەل بھاوێژێت بۆ سووریا و لوبنان.

Back to top button