ئەردۆگان: بەهیچ شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ حەشدی شەعبیدا ناكەین
دوای ئەوەی كە حەشدی شەعبی وسوپای پاسداران كەركووك و بەشێكی خاكی كوردستانیان داگیر كرد, پەلهاویشتنەكانی میلیشیاكانی حەشد بووە مایەیی نیگەرانی وڵاتانی جیهانی و ناوچەكە, لەم چوار چێوەیە ئەمڕۆ سەرۆكی توركیا ڕای گەیاند، وڵاتەكەی بەهیچ شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ میلیشیاكانی حەشدی شەعبیدا ناكات، هەروەها جەختیشیكردەوە، كە ئەنقەرە سنوورەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا داناخات، گەر حكوومەتی بەغدا هەموو پێداویستییەكانی دانیشتووانەكەی دابین نەكات.
ڕەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆك كۆماری توركیا، لەبارەی ڕووداوەكانی ئەم دواییەی كەركووك و ناوچەكە و هێرشی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە هاوكاری سوپای پاسدارانی ئێران، ڕای گەیاند: “بەهیچ شێوەیەك مامەڵە لەگەڵ حەشدی شەعبیدا ناكەین”.
هەروەها ڕوونیكردەوە، كە لێكۆڵینەوە لەبارەی بڵاوەپێكردنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لەناوچەی شنگال و مەخمووردا دەكەن، گوتیشی: “ئەگەر دەركەوت حەشدی شەعبی چوونەتە نێو شنگال و مەخموورەوە، ئەوكات قسەی ترم لەگەڵ ڕاوێژكارەكانمدا دەبێت”.
ئاماژەی بەوەشدا، كە هەڵوێستی وڵاتەكەی بەرامبەر داواكەی بەغدا بۆ داخستنی دەروازە سنوورییەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە، گوتیشی: “دەبێت بەغدا هەموو پێداویستییەكانی ژیان و گوزەرانی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان دابین بكات، بەو مەرجە ئێمە سنوورەكانیان لەگەڵدا دادەخەین”.