بەر پرسێكی باڵایی ئاساییشی ئیسڕائیل: دەوڵەتی كوردستان دروست دەبێت
لە میانەی بەڕێوە چوونی مێزگەردێكی زانستی كە راوێژكارو پسپۆرانی بواری ئەمنی تێدا بەشدار بوون لە وڵاتی رووسیا, سەرپەرشتیاری پێشووی ئەنجومەنی ئاساییشی ئیسڕائیل دەڵێ، دەوڵەتی كوردستان دروستدەبێ و ئێمەیش پشتیوانی لە كورد دەكەین.
لەسەر بانگهێشتی فەرمیی ناوەندی هاوكاریی كلتووریی جووەكان بە نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕووسیا بەشداری لە مێزگردێكی زانستی لە قوتابخانەی خوێندنی باڵای ڕۆژهەڵاتناسی، تایبەت بە توێژینەوە و پێگەیاندنی پسپۆڕی زانستی لە ڕووسیا كرد. مێزگردە زانستییەكە لە ژێر ناونیشانی (بەرەوپێشبردنی پێكەوەكاركردنی ڕووسیا و ئیسرائیل، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ، بە تایبەتی لە سووریا و هەرێمی كوردستاندا) بوو.”
زۆر میوانی جوو و پسپۆڕی ڕووسیایی و نەتەوەكانی دی بەشدارییان تێدا كرد. یەكێك لە بەشداربووە سەرەكییەكان، (ئۆزی دایان)، جەنەڕاڵی سوپای ئیسرائیل و سەرپەرشتیاری پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل بوو.
زۆر بابەتی گرینگ و هاوبەشیان گفتوگۆ كرد سەبارەت بە ڕەوشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و داهاتووی ئەم وڵاتانە لە ناو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێدا، ئەمە جگە لە ڕۆڵی ڕووسیا وەك یەكێك لە زلهێزەكانی دنیا و دەوڵەتی ئیسرائیل، وەك یەكێك لە دەوڵەتە بەهێز و كاریگەرەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
بەرپرسی پێشووی ئەنجومەنی ئاسایشی ئیسرائیل لە كۆتاییی وتەكانیدا بە ئامادەبووانی ڕاگەیاند: ”ئیسرائیل هەموو شتێك دەكات بۆ ئەوەی دەوڵەتی كوردستان دروست بێت، دڵنیاشتان دەكەمەوە ئەم دەوڵەتە هەر دروست دەبێت.”
(دانەر ئەبووبەكر)، بە نوێنەرایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەشداریی ئەم چالاكییە زانستی و سیاسییەی جووەكانی ڕووسیای كرد بە وتارێكی بابەتی لەسەر هەڵوێستی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بەم بارودۆخەی لە دوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دروست كراوە لە لایەن حكوومەتی عێراق و وڵاتانی ئێران و توركیاوە دژ بە كوردستانیان و بێدەنگیی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی لە پێشێلكارییەكانی حەشدی شەعبی و سووتاندی ماڵ و ئاوەرەكردنی هەزاران كورد لە كەركووك و دووزخورماتوو و ناوچەكانی تر، ئەمە جگە لە شەهیدكردنی هەزاران هاووڵاتیی مەدەنی، لەوانە كامێرەوانی كوردستان تیڤی بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە لە بەرچاوی منداڵ و خێزانەكەی و گوتیشی: ”جێگای ئاماژە پێكردنە وتارەكەمان زۆربەی زۆری ئامادەبووانی تووشی شۆك كرد و بە كارێكی قێزەون و دوور لە مرۆڤایەتییان لە قەڵەم دا و، هەر لە دوای تەواوبوونی وتارەكەمان زۆربەی ئامادەبوان و (ئوزی دایان) گوتیان، دەوڵەتی ئیسرائیلیش بەبێ قوربانی دروست نەبووە و خۆڕاگریمان دەمانگەیەنێتە ئامانجەكەمان كە سەربەخۆییی كوردستانە.”