لۆردەكان رەخنە لە هەڵوێستی بەریتانیا بەرامبەر كوردستان دەگرن

 

هێڕشەكانی حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران بۆ سەر كوردستان و داگیركردنی كەركووك, لە ئێستادا بە شێوەی جیاجیا كاردانەوەی لێدەكەوێتەوە, ئەگەر چی بێدەنگی وڵاتانی بەدوا داهاتووە, بەڵام لە نێو چەند وڵاتێك دژ بە بێدەنگی وڵاتەكەیان هەڵوێستی توند وەگیراوە, ئەمڕۆ لە بەریتانیا لۆردەكان، یان چاودێرانی سیاسیی بەریتانیا رەخنە لە حكومەتی وڵاتەكەیان دەگرن.

لۆرد ئاندریۆ ستەنێڵ لەمبارەیەوە دەڵێ “ترووسكاییەك بۆ پشتیووانییەكی بەهێزی كورد هەیە، بەرامبەر بەوەی لەشەڕی داعش كردی، دانیش بەوەدانراوە ئەگەر كورد نەبووایە، سەركەوتن لەشەڕەكەدا بەدەست نەدەهات. ئەوان تاكە هێزی زەمینی كاریگەر بوون، كە سەركەوتووبوون و دیسپلینیان هەبوو، باوەڕپێكراوبوون لەكاتێكدا هێزی دیكە هەبوون، كە نە دیسپلین و نە كاریگەرییان نەبوو”.

لەدوای 16ـی ئۆكتۆبەری ئەمساڵەوە، حكومەتی بەغدا بەسەركردایەتی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق و پشتیوانی راستەوخۆی سیاسی و سەربازیی ئێران، هەڵمەتێكی گەورە و چڕی دەستپێكردووە تاوەكو باشووری كوردستان لەدەستكەوتەكانی داماڵێ.

لۆرد بارۆن، جەخت دەكاتەوە لەوەی جیهان بێدەنگ نییە و دەڵێ “دەستووری عێراق ناوچەی جیاوازی دروستكرد، هەرێمی كوردستانی دروست كرد. جیهان بێدەنگ نییە بەرامبەر بەوەی دەكرێت، ئێمە بەها و نرخی هیزە كوردییەكانمان لایە، بەهۆی ئەوەی لە سووریا و عێراق كردیان، بەڵام دەبێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان دانووستاندن و گفتوگۆ بكرێت”.
ئەو بێدەنگییەی بەریتانییەكان پەیڕەوی دەكەن، هێندەی دیكە هێزی داوەتە حكومەتەكەی عەبادی، كە تەنانەت دەستی میلیشیاكانیش بكاتەوە بۆ سووتاندنی ماڵی كوردان لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، ئەمەش لۆردەكانی نیگەران كردووە.

 

Back to top button