یان كۆبیش: دەبێت مافی دەستووری بۆ هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە
كەمێك لەمەو بەر لە میانەی بە رێوە چوونی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی تایبەت بە رەوشی عێراق و هەرێمی كوردستان نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق وتارێكی پێشكەشكرد, رایگەیاند:” دەبێت مافی دەستووری بۆ هەرێمی كوردستان بگەڕێتەوە
یان كۆبیش نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە وتارەكەیدا رایگەیاند، لە 17ی نۆڤێمێبەرەوە عێراق سەركەوتنی بەسەر چەكدارانی داعشدا راگەیاند و دوایین مۆڵگەی داعش لە لایەن هێزە عێراقییەكانەوە كۆنترۆڵ كرا.
روونیشیكردەوە: راستە داعش هیچ ناچەیەكی بەدەستەوە نەماوە بەڵام مەترسییەكانی كۆتاییان نەهاتووە, هەر بە هۆی شەڕ شەش ملیۆن كەس ئاوارە بوونە كە هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ژمارەیەكی زۆری ئاوارە كردووە.
یان كۆبیش ئاماژەشی بۆ ئەوە كرد، حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا گرژییان لە نێواندا هەیە و هەردوولایان گلەییان هەیە كە دەستوور جێبەجێ نەكراوە و حكومەتی عێراق هەندێك هەنگاوی گرتووەتە بەر بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی ئیتیحادی بەسەر ناوچە كێشە لەسەرەكان و ئاسمان و دەروازە سنوورییەكان و گەیشتەوە هێڵی سەوزی 2003.
هەروەها گوتی: هەندێكجار رووبەڕووبوونەوە روویداوە و هەندێك هاووڵاتیش ئاوارە بوونە و داواشمان كردووە هەولێر و بەغدا لێكۆڵینەوە بكەن و بەرپرسیارانی تاوانەكان لێپرسینەوەیان لەگەڵ بكرێت.
روونیشیكردەوە، دادگای ئیتیحادی بڕیاریدا كە ریفراندۆم دەستووری نەبووە و بەغدا پێشوازی لێكرد و هەولێریش گوتی: كە رێزی لێدەگرن.
یان كۆبیش گوتی: دەبێت كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بە دیالۆگ چارەسەر بكرێن و دەبێت مافە دەستوورییەكان بۆ هەرێمی كوردستان بگەڕێنەوە.