نووسه‌رێكی ئه‌مازیغیه‌كان له‌سه‌ر بارزانی بزانه‌ چی به‌ خیانه‌تكاران ده‌لێت

له‌ وتارێكی دا له‌ژێر ناونیشانی ئایا بارزانی هه‌ڵه‌ی كرد، نووسه‌ری ئه‌مازیغی یوسف بویه‌حیا باس له‌وه‌ ده‌كات كه‌ بارزانی ویستوویەتی نیشتیمانێك دروست بكات، تا گەلەكەی تێدا كۆ بكاتەوە و شكۆی بپارێزێت، نووسەر بە رەخنەگرتن لەو كەسانە دەست پێدەكات، كە دەڵێن بارزانی ھەڵەی كردووە، ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستانی ئەنجامداوە و ھەوڵی بۆ داوە، نووسەر دەڵێت، هه‌رچی وەك ئەوان لەسەر بارزانی دەیڵێن په‌یوه‌سته‌ به‌ دیدێكی كورتبین و بە سیاسی كراوەوە، دەڵێت، هه‌ر كه‌سێ ده‌یه‌وێ لافی كولتوور و هزر لێ بدات و سه‌رنج به‌لای خۆیدا رابكێشێ، ئه‌وه‌نده‌ی به‌سه‌ كه‌ به‌ خراپه‌ ناوی (بارزانی) بهێنێت. گه‌لێك كه‌س ئه‌مە به‌ بوێری و ئازایه‌تی و ره‌خنه‌ و دیموكراسی ده‌زانن، له‌كاتێكدا بوێری هه‌ر به‌وه‌ په‌یوه‌ست نییه‌ تۆ ته‌نیا به‌ دوای یه‌ك خاڵی بچووكه‌وه‌ بێت، به‌ڵكو بوێری له‌وه‌دایه‌ كه‌ راستییه‌كانی مێژووش بڵێیت، نووسەرە ئەمازیغیەكە رەخنە لە وانەش دەگرێت كە لە دوورەوە لەسەر پرسەكە و رۆڵی بارزانی دەدوێن و دەڵێ، له‌ روانگه‌ی پێنووسی كه‌سێكی تاراوگه‌نشینی نیشته‌جێی ئه‌وروپاوه‌، بارزانی هه‌ڵه‌ی كرد، ئه‌و تاراوگه‌نشینه‌ بۆ خۆی له‌به‌ر هه‌واسازی گه‌رم و له‌سه‌ر مێزی شووشه‌ دانیشتووه‌ و قاوه‌ی نایابی له‌به‌رده‌مه‌، له‌ هه‌موو لایه‌كیشه‌وه‌ حۆری قژ زه‌ردی ئه‌وروپا بوونه‌ته‌ پاسه‌وانی، پێنووسێك له‌ شوێنێكی گه‌رمه‌وه‌ له‌باره‌ی كاره‌ساتی تفه‌نگێكی ساردی نێو به‌فری چیای سه‌خت ده‌نووسێ، ناوبانگ و كولتوور و ئازادی و بوێریتان لێ پیرۆز بێت.

 

نوسەر دەشڵێت، له‌ روانگه‌ی ئەوەوە بۆیە بارزانی هه‌ڵه‌ی كرد، چونكه‌ بیری له‌وه‌ نه‌كرده‌وه‌ له‌نێو گه‌له‌كه‌یدا ببێته‌ دیكتاتۆر بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو توتی و خۆفرۆش و رۆشنبیرانی به‌كرێگیراو و سیاسه‌توانانی هه‌ڵپه‌رست له‌ناو ببات، كه‌ زۆر بێ شه‌رمانه‌ و به‌ رووقایمییه‌وه‌ به‌ نۆره‌ قسه‌ی ده‌رهه‌ق ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ها لەسەر ناپاكی ھەندێ لە كورد بەرامبەر بە پرسەكە و دژایەتی كردنی بارزانی، بو یەحیا، دەڵێت لەوە بارزانی هه‌ڵه‌ی كرد،‌ لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ خاین و خۆفرۆشاندا نه‌كرد، رێی لێبورده‌یی گرته‌ به‌ر و لاپه‌ڕه‌كه‌ی هه‌ڵدایه‌وه‌، له‌پێناو بنیاتنانی نیشتیمانێكی لێبورده‌، هه‌روها ده‌شنووسێـ”، بارزانی هه‌ڵه‌ی كرد، چونكه‌ نه‌ خۆی و نه‌ پۆسته‌كه‌ی به‌سه‌ر گه‌لدا نه‌سه‌پاند، ئه‌و هه‌ر نزیك له‌ گه‌له‌كه‌ی و له‌ دوژمنانی ناوخۆش مایه‌وه‌، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ستی ئه‌وه‌یان له‌لا دروست بكات كه‌ ئه‌و سه‌رۆكه‌ یان فه‌رمانده‌، به‌ڵكو ئه‌و هه‌ر وه‌ك هاووڵاتییه‌ك وابوو، وه‌ك هه‌ر كوردێك، ره‌خنه‌ و رای به‌رانبه‌ری به‌ سینگ فراوانییه‌وه‌ قبووڵ ده‌كرد.

لەسەر خەبات و رۆڵی سەرۆك بارزانی، بو یەحیا دەڵێت، بارزانی بۆیە هه‌ڵه‌ی كرد، بەوەی‌ هیچ رۆژێك نه‌ له‌ به‌رده‌م میدیای رۆژئاوا و نه‌ له‌ به‌رده‌م میدیای ناوخۆشدا نه‌یگوت: “ئەو ئه‌مه‌ و ئه‌وه‌ی كردووه‌” و مێژووش گه‌واهیی بۆ ده‌دات. بەردەوام دووپاتیشی كردووەتەوە، كە كەس ناتوانێت ئیراده‌ی گەلی كورد تێك بشكێنن. ده‌شنووسێـ” كە بارزانی هه‌ڵه‌ی كردووە‌ وه‌ك هه‌ر سه‌رۆك و سه‌ركرده‌یه‌كی دیكە، ژیانی خۆی له‌ كۆشك و ته‌لار و هوتێل و گه‌شتدا به‌سه‌ر نه‌بردووە بەردەوام‌ له‌ به‌ره‌کانی جەنگدا بووە، پاڵی بە بەردێکدا ده‌دایە و له‌سه‌ر گڵ راده‌كشا و خۆراكی هه‌مان خۆراكی  پێشمه‌رگه‌ بووە. دەشڵێت، ئه‌و هه‌میشه‌ كوردێك بوو به‌ جل و پۆشاكی میللیی كوردی و جه‌مه‌دانه‌ و به‌رگی پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه‌، هه‌ر لە درێژەی وتارەكەیدا، نووسەرەكە نووسیویەتی، بارزانی هه‌ڵه‌ی كرد، چونكه‌ ده‌رامه‌ت و دارایی كوردستانی بۆ بنیاتنانی نیشتیمانێك ته‌رخان كرد، ئێستا نیشتیمانه‌كه‌یان خاوه‌ن ژێرخانێكه‌ كه‌ ته‌نانه‌ت ده‌وڵه‌تانی ده‌وڵه‌مه‌ندیش ئه‌و ژێرخانه‌یان نییه‌، له‌كاتێكدا ئه‌و ده‌یتوانی ئه‌و داراییه‌ له‌ هه‌ژماره‌ بانكی خۆی له‌ سویسرا دابنێت، ھاوشێوەی سه‌رۆك و پاشا و سه‌ركرده‌كان.

لە وتارەكەی بو یەحیا ئاماژە بۆ ئەوەش دەكات، كە بارزانی هه‌ڵه‌ی كرد، رۆژێكی نه‌دیوه‌ له‌سه‌ر مێزی دانوستان دانیشتبێت و گره‌و له‌سه‌ر كوردستان و گه‌له‌كه‌ی بكات بە ئێستاشەوە سازش بكات، ده‌لێـ” بارزانی هه‌ڵه‌ی كرد، لەبەر ئەوەی ته‌نیا مرۆڤێكه‌ له‌ جیهان و له‌سه‌ر گۆی زه‌وی، كه‌ هه‌موو ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی كرده‌ پێشمه‌رگه‌، خۆی و رۆڵه‌ و نه‌وه‌كانی و برا و برازاكانی..،دەپرسێت ؟ ئاخۆ چ سه‌ركرده‌یه‌كی جیهان هه‌یه‌ وه‌ك ئه‌و بێت؟ دەشڵێت، بارزانی رایگەیاندووە،‌ هه‌رچی روو بدات كوردستان جێ ناهێڵێت و جگه‌ له‌ كوردستان له‌ هیچ شوێنێكی دیكه‌ نیشته‌جێ نابێت، له‌ كوردستانیشدا نه‌بێت، نامرێ، هه‌روه‌ها ده‌شنووسێـ” مەگەر بارزانی لەوە هه‌ڵه‌ی كردبێت، چونكه‌ ویستی نیشتیمانێك دروست بكات و شكۆی بپارێزێ، بشیانكاته‌ هاووڵاتی نه‌ك په‌نابه‌ر و میوان له‌سایه‌ی رژێمه‌ دوژمنەكانی گەلی كورد و ھاوكات فڕۆكه‌خانه‌ و رێگەوبان و په‌یمانگا و نه‌خۆشخانه‌ و قوتابخانه‌ی دروست كرد، لە بری به‌ندیخانه‌ و زیندان ھاوشێوەی سه‌ركرده‌ و سه‌رۆك و پاشاكان، كە ده‌رهه‌ق به‌ گه‌لی خۆیان ده‌یكه‌ن، بارزانی هه‌ڵه‌ی كرد چونكه‌ له‌ شوێنێكی سه‌ختدا له‌دایك بوو، ئه‌ركی به‌رپرسایه‌تیی کەسانێك له‌ گه‌له‌كه‌ی كه‌وته‌ ئه‌وستۆ كه‌ بێ له‌ ناپاكی و بێ ئه‌مه‌كی چی دیكە نازانن، دەشڵێت، هه‌ر بۆ ئاگاداری بارزانی ئه‌و كه‌سه‌یه‌ كه‌نداوی عه‌ره‌ب ئاواته‌خواز بوو فەرمانڕەوایی بكات، رۆژاوا چاوی له‌وه‌ بوو ببێته‌ هاوپه‌یمانی، ئه‌مریكاش چاوی له‌ دۆستایه‌تیی ئه‌و بوو.

بو یەحیا دەشڵێت، بارزانی هه‌ڵه‌ی كرد، چونكه‌ رێی به‌ زۆر كه‌س دا به‌ خراپه‌ باسی بكه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كاردانه‌وه‌یه‌كیان ده‌رهه‌ق بنوێنێ، له‌ هه‌مان كاتدا پێنووسی رۆشنبیرانی كرێگرته‌شی نه‌شكاند. مەگەر بارزانی لەوەدا ھەڵەی كردبنێت، كە ‌ ده‌نگی گه‌لی كوردی به‌ جیهان گه‌یاند، كوردستانیشی وه‌ك وڵاتی كورد ناسناند، پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مانیشی وه‌ك تیرۆربه‌زێن ناساند. ئەوەشی نوسیوە، له‌وه‌شدا هه‌ڵه‌ بوو كه‌ ئه‌رك و باری كاری چه‌وتی نیمچه‌ پیاوانی خسته‌ گه‌ردنی خۆیه‌وه‌ و وه‌ك پاسه‌وانی گه‌ل و نیشتیمانه‌كه‌ی و شكۆی هه‌ردووكیان، بۆیه‌ بارزانی هیچ كاتێك سه‌رۆكی پارتێك نه‌بووه‌، به‌ڵكوو سه‌ركرده‌یه‌ك بوو پێشوازیی له‌ هه‌ر كه‌سێك ده‌كرد كه‌ خوازیاری ئه‌وه‌ بووبێت هاوشانی بڕوات و بارزانی ‎ هێمایه‌كه‌ هه‌رگیز له‌ مێژوودا دووباره‌ نابێته‌وه‌.

لە كۆتایی وتارەكەشی، یوسف بویەحیا، سەرسامی خۆشی بە بارزانی لەوە دەربڕیوە، كە بارزانی سه‌ركرده‌، هه‌رگیز رۆژێك له‌ رۆژان دووڕوویی و سازش و ترسی تێدا به‌دی نه‌كردووە و ئه‌و نادیارانه‌ قسه‌ی ده‌كرد، نه‌بادا ئه‌وانی دی بریندار بكات، به‌ڵام سه‌ركرده‌یه‌ك بوو، درۆی نه‌ده‌زانی، سەرەڕای ئەمە، ئایا تا ئێستا باوه‌ڕتان وایه‌ بارزانی هه‌ڵه‌ی كردووە كه‌وتنێك كه‌وتووه‌ كه‌ شایسته‌ به‌ پیاوان نییه؟ یان شكۆی كوردیشی له‌ لیته‌ وه‌رداوه‌؟ نووسەری ئەمازیغی،  یوسف بو یەحیا دەنووسێت: “به‌ڵێ گه‌وره‌ و پێشڕه‌وم بارزانی هه‌ڵه‌ت كرد، چونكه‌ ره‌وشتناس و مرۆڤپه‌روه‌ر و میهره‌بان و لێبورده‌ و به‌ئه‌مه‌ك و باوه‌ڕدار و دڵسۆز بوویت، ئەمە له‌ سه‌رده‌مێكدا كه‌ لۆژیكی گورگ تێیدا باڵاده‌سته‌، ئای كە گاڵته‌كردنی كورد به‌ كورد چەند سه‌خت و دژواره‌!.

Back to top button