جۆن كیری: سێ وڵات داوایان لە ئەمریكا كرد، هێرش بكاتە سەر ئێران
لە گفتوگۆیەكدا كە لە واشنتن بەڕێوە چوو، وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاند: لەو كاتەی سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بووە، دوو وڵاتی عەرەبی و وڵاتێكی دیكە هانی ئەمریكایان داوە هێرشی سەربازی بكاتە سەر ئێران،
جۆن كیری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاند: ئەوكاتەی لە ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣ سەرۆكی لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوە بووە لە ئەنجومەنی پیران، لەگەڵ هەریەكە لە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و مەلیك عەبدوڵڵا پادشای پێشووی سعودیە و حوسنی موبارەك سەرۆكی پێشووتری میسڕ كۆبۆتەوە و هەرسێكیان داوایان كردووە ئەمریكا هێرش بكاتە سەر ئێران بكات.
وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریكا وتیشی: سەرۆكی هەرسێ وڵات، وتویانە ئەوە تەنها شتێكە بەرپرسانی تاران لێی تێدەگەن.
لە درێژەی گفتوكۆكەیدا كە لە واشنتۆن بەڕێوەچوو، جۆن كیری دەڵێت: داواكاری وڵاتانی عەرەبی بۆ هێرشكردنە سەر ئێران وەكو داوێك وابووە، چونكە ئەگەر ئەمریكا ئەو كارەی بكردبا، دواتر خودی ئەو وڵاتانە رەخنەیان لە ئەمریكا دەگرت.
وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریكا جەختی لەوە كردۆتەوە، رێكەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كە لە ساڵی ٢٠١٥ واژوو كرا، باشترین رێككەوتنە ئەگەر ئەمریكا بتوانێت ئەنجامی بدات، رەخنەی توندیشی لە دۆناڵد ترامپ سەرۆكی ئێستای ئەمریكا گرت، كە داوای لە كۆنگرێس كردووە رێكەوتنەكە هەموار بكاتەوە.