كۆسرەت رەسوڵ دەگەڕێتەوە.. سەرپەرشتی كۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی دەكات
دوای نەخۆشكەوتنی كۆسرەت رەسوڵ عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی، لەنێو سەركردایەتی ئەو حیزبەدا هەوڵی كۆبوونەوەی سەركردایەتی دەدرا بەسەرپەرشتی بەتەمەنترین ئەندامی سەركردایەتی حیزبەكە، بەڵام بەهۆی ئەو راپۆرتە ئەرێنییانەی لەبارەی تەندروستی كۆسرەت رەسوڵەوە گەیشتنەوە سلێمانیو نزیكبوونەوەی وادەی گەڕانەوەی، ئەو كۆبوونەوەیە نەكرا.
دۆخی نێوخۆی یەكێتی نیشتمانی، پێی نایە قۆناغێكی خراپترەوە، هێشتا ماتەمینی كۆچی دوایی سكرتێری گشتی حزبەكە كۆتایی نەهاتبوو، كە جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی تووشی نەخۆشییەكی كتوپڕ هات، ئەوەش لەكاتێكدا بوو ناوبراو سەرقاڵی ئامادەكاری بوو بۆ رێكخستنی كۆبوونەوەیەكی سەركردایەتی حزبەكەی، كە حەوت رۆژ پێش نەخۆشكەوتنی بەهۆی رێكنەكەوتنیان لەسەر رۆژی بەستنی كۆنگرەی چوارەم باری تەندروستی تێكچووبوو.
حەمەی حەمە سەعید، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی رەتیدەكاتەوە ئەنجوومەنی سەركردایەتی حزبەكەی لەو دۆخەی ئێستادا بتوانێت كۆببێتەوە، بەتایبەتی ئەگەر كۆبوونەوەكە بۆ پرسێكی چارەنووسسازی وەك دیاریكردنی رۆژی كۆنگرە بێت، “چونكە مەكتەبی سیاسی هەڵوەشاوەتەوەو جێگری سكرتێری گشتی لێرە نییە، تەنیا ئەو دەتوانێت سەرپەرشتی كۆبوونەوە بكات، یان ئەو كەسێك دیاری بكات بۆ ئەو كارە، جگە لەو دوو حاڵەتە، كەس ناتوانێت بڕیاری كۆبوونەوە بدات، ئەگەر بەو شێوەیەش نەبێت كۆبوونەوەكە هیچ ئەنجامێكی نابێت”.
كۆسرەت رەسوڵ دەگەڕێتەوە…
پزیشكی تایبەتی كۆسرەت رەسوڵ لە ئەڵمانیاوە لەبارەی رەوشی ئێستای تەندروستی کۆسەرت ڕەسوڵەوە رایگەیاند “ئێستا تەندروستی زۆر باشە”.
دارا رەشید دەڵێت “تەنیا یەك نەشتەرگەری زۆر بچووكو ئاسانی ماوەو تاوەكو حەوت رۆژی داهاتوو ئەو نەشتەرگەرییە دەكرێتو ئەگەر بەهۆی پشووەكانی سەری ساڵ نەبووایە، كە لێرە هەندێك ئیشوكار رادەوەستێت، كاك كۆسرەت زوو دەگەڕایەوە، بەڵام بەو هۆیەوە سەری ساڵ دەگەڕێتەوە”.
دارا رەشید وتیشی: “كۆسرەت رەسوڵ دەتوانێت دەست بەئیشوكاری سیاسی و حیزبیی خۆی بكاتەوەو لەو رووەوە هیچ كێشەیەكی تەندروستی نابێت”.