عەبادی بەفەرمی پۆستی پارێزگاری لە نۆفەڵ حەمادی وەرگرتەوە

دوای ئەوەی پەرلەمانی عێراق بڕیاری لە كار لادانی پارێزگاری موسڵی دەركرد, ئەمڕۆ بەپێی نووسراوێكی نووسینگەكەی، عەبادی لەسەر داوای ئەنجومەنی پارێزگا، بڕیاری دەستكێشانەوەی بۆ پارێزگاری نەینەوا دەركرد.

 

لە نووسراوێكدا كە بەڕێوەبەری نووسینگەكەی واژۆی كردووە، حەیدەر عەبادی، سەرۆكی حكوومەتی فیدڕاڵ، بڕیاری دەستكێشانەوەی بۆ (نۆفەڵ حەمادی) بۆ ماوەی 60 ڕۆژ لە پۆستەكەی، دەركرد.

 

بڕیارەكەی عەبادی، دوای دوو نووسراوی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دێت. پێشتریش لە دانیشتنێكدا، بەتۆمەتی بوونی دۆسیەی گەندەڵی، بە كۆی دەنگ بڕیاری لادانی (نۆفەڵ حەمادی) دەركرد، بەڵام بەبڕیاری دادگا، گەڕایەوە بۆ پۆستەكەی خۆی.

 

لەوبارەیەوە، بەشار كیكی، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ڕای گەیاند: “لە ئەمڕۆ پێنجشەممەوە، عەبدولقادر شنگالی، جێگری پارێزگار، پۆستی پارێزگار بە وەكالەت بەڕێوە دەبات”.

Back to top button