عومەری سەید عەلی بەرپرسێكی نوێی بۆ میدیای گۆڕان دانا

لە چوارچێوەی گۆڕانكارییە ناوخۆییەكانی گۆڕاندا بە فەرمانی ڕێكخەری گشتی ئەو بزوتنەوەیە، د.ئاكۆ حەمەكەریم وەك بەرپرسی نوێی میدیای گۆڕان لە شوێنی عەبدولڕەزاق شەریف دەستبەكاربوو.

ئەوەش دوای ئەوەدێت گۆڕانكاریی لە میدیای گۆڕان‌و خاوەندارێتیی میدیاكە لەماوەی ڕابردوودا یەكێك بوو لەو پرسانەی زۆرترین مشتومڕی لەسەر بوو لەناو ئەو بزوتنەوەیە، هەریەكە لە نماو چیا كوڕانی نەوشیروان مستەفا چاویان لەسەر ئەوەبوو میدیاكە بخەنەژێر ڕكێفی خۆیانەوە بۆئەوەش كاریان بۆئەوە دەكرد بخرێتەسەر كۆمپانیای وشە كە بەناوی خۆیانەوەیە.

گۆڕینی بەرپرسی میدیای گۆڕان بە فەرمانی عومەر سەید عەلی ڕێكخەری گشتی بزوتنەوەكە بووە، دەربارەی هۆكاری ئەو گۆڕانكارییە لە میدیای گۆڕان (د.ئاكۆ حەمەكەریم) ووتی”ئەمە بەشێكە لەو گۆڕانكارییەی كە خانەی ڕاپەڕاندن‌و جڤاتی نیشتیمانی بەنیازن لە میدیای گۆڕان و هەندێك لە دامەزراوەكانی تر بكرێت.”

ئاكۆ حەمەكەریم هەڵسوڕاوی بزوتنەوەی گۆڕانەو كەسێكی نزیكی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفایە، پێشتر ڕێكخەری ژوری توێژینەوەی سیاسی گۆڕان بووەو لەكاتی چوونە حكومەتی گۆڕان پۆستی ڕاوێژكاری وەرگرت لە ئەنجومەنی وەزیران.

دانانی بەرپرسێكی نوێ بۆ میدیای گۆڕان دوای چەند ڕۆژێك دێت لە دابینكردنی بڕە پارەی پێویست بۆ نوێكردنەوەی بەشداربوونی كەناڵی كەی ئێن ئێن لە مانگی دەستكرد، ئەو پرسە كەناڵەكەی ڕوبەڕوی ئەگەری داخستن كردبوەوە، بەڵام بەرپرسانی گۆڕان چارەسەریان كردووە.

بەوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بزوتنەوەی گۆڕان بۆ خواكوڕك كە نەیویست ناوەكەی ئاشكرا بكرێت ، بڕیاری دانانی بەرپرسی نوێی میدیاكەیان تاكلایەنە لەلایەن عومەر سەید عەلی دەركراوەو هەندێك لە ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی گۆڕان ئاگادار نەبوون وئەمە یەكەم هەنگاوە بۆئەوەی میدیاكە بخرێتە ژێر ڕكێفی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفاوە.””

Back to top button